ئەمڕۆ چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات و یارییەک لە هەولێر دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دەستپێدەکەن، چەند یارییەک لە دەستپێکی رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان بەڕێوەدەچن و یارییەکی گرنگ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
 
لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا و لە یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا، یانەی قوە جەوییەی عێراقی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر میوانداریی یانەی سپاهان ئەسفەهانی ئێرانی دەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
هەردوو یانە رۆژی یەکشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامداوە و پێکهاتەی هەردوولا بۆ یارییەکە بەتەواوی ئامادەن.
 
ئەیووب ئودیشۆ، راهێنەری یانەی قوە جەوییە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "تیپەکەم 60٪ بۆ یارییەکەی بەرامبەر سپاهان ئامادەیە و پێکانی شەریف عەبدولکازم کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تیپەکە دەبێت."
 
راهێنەری یانە عێراقییەکە دەڵێت "ئامانجی ئێمە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە یارییەکەی ئەمڕۆ و تەواوی یارییەکانی دیکە و یاریزانەکانم لە مەترسیی یانە ئێرانییەکە ئاگادار کردووەتەوە."
 
لەبارەی بەڕێوەچوونی یارییەکەیان لە هەولێر، راهێنەری قوە جەوییە گوتی "هەوڵدەدەین ئەو بارودۆخە نەرێنیەی بەهۆی یاریی نەکردنمان لە یاریگەی خۆمان هاتووەتەپێش لە یاریگەی هەولێر بۆ بردنەوە و سەرکەوتن بگۆڕین."
 
یانەی سپاهان نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە گەیشتە هەولێر و ئێوارەی هەمان رۆژ دوایین مەشقی خۆی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و دەیەوێت بە یەکەم بردنەوەوە بگەڕێتەوە ئێران.
 
خۆسێ مۆرایێس، راهێنەری پۆرتوگالیی یانەی سپاهان ئەسفەهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەر یارییەک کە تۆ دەیکەیت ئەگەر پڕۆفشناڵ بیت و پێشکەوتوو بیت هەموو یارییەکانت لەلا گرنگە، بەڵام ئەم یارییە هەستیارە و دڵە راوکێی تێدایە، لەبەرئەوەی رکابەرییەکانی ئاسیا چاو و خواستێکی زۆری هاندەرانی لەسەرە، هەموو تیپە بەشدارەکان بۆ رازیکردنی هاندەرانیان هاتوون، ئێمەش بەختی سەرکەوتنمان لە یارییەکەدا هەیە، لەبەرئەوەی ئامادەکارییەکانمان باشن و دەبێت ئێمە ئەوە نمایش بکەین کە خەڵکی بەهای تیپەکەمان و کوالێتی یاریکردنمان بزانن، هیوام وایە یارییەکی خۆش و کەشێکی برایانە بێت، هەروەک دەزانن وەرزش پەیامی ئاشتییە و ورە بەرزی لە نێوان ئێمەدا ببیندرێت."
 
پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ 18 هەزار و 500 بلیت ئامادەکراون و نرخی هەر بلیتێک 10 هەزار دینارە.

 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆری هاندەری یانەی قوە جەوییە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە هەولێر و دەیانەوێت پاڵپشتیی یانەی قوە جەوییە بکەن بۆ ئەوەی یەکەم یاری لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بباتەوە.


 
جگە لەم یارییە چەند یارییەکی دیکە لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بەڕێوەدەچن، یانەی مومبای سیتی هیندی لە یاریگەی خۆیدا کاژێر 17:00 بەرامبەر یانەی نساجی مازاندەرانی ئێرانی یارییدەکات.
 
فەیسەڵیی ئوردنی کاژێر 19:00 بەرامبەر یانەی ناساف کارشیی ئوزباکستانی یارییدەکات و کاژێر 21:00 دوو یاری لەیەک کاتدا بەڕێوەدەچن، یانەی هیلالی سعودی میوانداریی یانەی ناڤباخۆری ئوزباکستانی دەکات و سەدی قەتەریش بەرامبەر یانەی شاریقەی ئیماراتی یارییدەکات.
 
بۆ یارییەکەی هیلال و ناڤباخۆر، هەرچەند نەیمار داسیلڤا مەشقی کردووە، بەڵام یارییکردنی لە یارییەکەدا بەتەواوی دیارنییە.