ڤیدیۆ؛ سێپ کوس بووە پاڵەوانی گەشتی ئیسپانیا

رووداو دیجیتاڵ

سێپ کوس، پایسکیلسواری ئەمریکی، سەرشێتانە ئاهەنگی گێڕا، بە بۆنەی بردنەوەی نازناوی گەشتی پایسکیلسواریی ئیسپانیا، کە یەکەم جاریەتی نازناوی یەکێک لە گەشتە گەورەکانی پایسکیلسواری بەدەستبهێنێت.
 
دوێنێ دواقۆناخی گەشتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو، کە سەرەڕای ئەوەی کوس لە سێ پلەی یەکەمدا نەبوو، بەڵام ئەنجامەکانی بەس بوون بۆ ئەوەی لە پێشەنگی ریزبەندیی گشتیدا بمێنێتەوە و نازناوەکە بباتەوە.
 
قۆناخی کۆتایی گەشتەکە، ماوەکەی 100 کیلۆمەتر بوو، کە پێکهاتبوو لە سووڕانەوە پێنج جار بە دەوری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیادا.
 
کادن گرۆڤیسی پایسکیلسواری ئوسترالی پلەی یەکەمی دواقۆناخی بەدەستهێنا، کە ماوەکەی بە دوو کاژێر و بیست و چوار خولەک و سێزدە چرکە بڕی.
 
پایسکیلسواری ئیتاڵی، فیلیپۆ گانا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و نیکۆ دینزی ئەڵمانی پلەی سێیەمی بۆ مایەوە.
 
سێپ کوس، قۆناخەکەی لە کۆمەڵەی سەرەکیدا کۆتاییپێهێنا و لە ئەنجامدا نازناوی گەشتەکەی بەدەستهێنا، و گرەوەکەی لە هاوڕێکەی لە تیپی جامبۆ-ڤیزما، براوەی تۆر دو فرانس، جۆناس ڤینگگاردی پایسکیلسواری دانیمارکی بردەوە، کە پلەی دووەمی گەشتەکەی بەدەستهێنا. پریمۆز رۆگلیچی پایسکیلسواری سلۆڤینی و هاوڕێیان لە تیپی جامبۆ-ڤیزما پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
 
 سێپ کوس بووە یەکەم پایسکیلسواری ئەمریکی لە دوایین دەیەدا نازناوی گەشتی ئیسپانیا بباتەوە.