دێربیی مەدرید پڕە لە بۆمبی چێنراو

18-09-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئاتلێتیکۆ مەدرید ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەرکێکی زەحمەت و قورسدا، لە قورسترین تاقیکردنەوەی وەرزدا، لە دۆخێکدا کە پڕ مەترسییە و لە سەردانێکدا کە پڕ لە بۆمبی چێنراوە، لە کاتێکیشدا کە ریال مەدرید پێشەنگە و خاڵی لەدەستنەداوە، دێربیی مەدرید لە نێوان دوو جەمسەرەکەی شاردا، لە واندا میترۆپۆلیتانۆ بەڕێوەدەچێت.
 
بنزیما لە دوای یارییەکەی سێلتیکەوە لە چامپیۆنزلیگ، هەستی بەئازار لە ئەژنۆ و رانیداکرد، لەوکاتەوە بەشداری هیچ یارییەکی یانەکەی نەکردووە، لە کاتێکدا پێشتر ئەنچیلۆتی گوتبووی کە هێرشبەرە فەرەنسییەکە بۆ دێربی ئامادە دەبێت، دەرکەوت گەڕانەوەی ئەو پێویستی بەکاتی زۆر زیاتر هەیە.
 
لەدوای دابڕانی بنزیماوە لە تیپەکە، ریال مەدرید بەهۆی درەوشانەوەی فیدی ڤاڵڤێردی و رۆدریگۆوە نەکەوتووەتە دۆخی نەخوازراوەوە، بەڵام پێناچێ هەمان هاوکێشە بۆ یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید راست بێت، چونکە ئەو تیپە رکابەری راستەوخۆی ریالە و هێزی لەو یانانە زۆر زیاترە کە ریال مەدرید لە دوو هەفتەی رابردوودا سەرکەوتنی بەسەردا بەدەستهێناون.
 
یارینەکردنی بنزیما لە چەند وەرزی نزیکی رابردوودا، یادەوەری خۆشی بۆ یاریزانەکانی ریال مەدرید بەجێنەهێشتووە، بەتایبەت کە دوا دۆڕانی قورسی پاڵەوانی لالیگا لە وەرزی رابردوودا کە بەرامبەر بارسێلۆنا بوو لە کلاسیکۆدا، بنزیما بەشداری تێدا نەکرد و دواتریش کاتێک یانەکە نازناوی خولەکەی یەکلاکردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و راهێنەرەکەی پەنای بۆ پشوو پێدانی بنزیما برد، ئەو یانەیە دێربیشی بە ئاتلیتیکۆ دۆڕاند.
 
یارییەکەی دێربی، دەبێتە تاقیکردنەوەی راستەقینە لەبەردەم سووربوونەکانی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەردا کە هەرزوو بەوە رازی بوو، هێرشبەرێکی شوێنگرەوە و باش بۆ بنزیما لە تیپەکەدا نەبێت... میستەر کارلۆ هەرزوو رایگەیاند کە بژاردەی یەکەمی بۆ هێرشبەری تیپەکە بنزیما دەبێت و لە دوای ئەویش شوێنگرەوەکەی هازاردە، بەڵام ئەو یاریزانە لە چەند تاقیکردنەوەیەکدا شکستی هێنا و ئاستی زۆر لەوە خراپتر بوو کە پێشبینی دەکرا، بۆیە ئێستا هیچ یاریزانێک لە تیپەکەدا بۆ شوێنگرەوەی بنزیما ئامادە نییە.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یارییەکەدا چاوی لە تواناکانی هەریەکە لە مۆراتا و جواو فیلێکس دەبێت بۆئەوەی تیپەکە بگەیەننە سەرکەوتن، وەک هەموو یارییەکانی دیکەی ئەم وەرزەی یانەکەش، پێناچێ گریزمان 30 خولەک زیاتری هەل لەبەردەستدابێت بۆ پێشاندانی ئاست و درەوشانەوەی خۆی.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید، کەسەرەتای وەرزی بەسەرکەوتن لە دێربی بچووکی مەدرید بەسەر خیتافیدا دەستپێکرد، بەرلەوەی ڤیاریال لە نێو پۆلیتانۆدا دووچاری شۆکی بکات، لە دوا یاری خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر سێلتاڤیگۆدا بەدەستهێنا، بەڵام شکستی یانەکە لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوودا بەرامبەر بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، دووپات لەوە دەکاتەوە ئەو یانەیە گەرچی هەموو شتێکیشی هەبێت، سەقامگیری لە ئەنجامەکانیدا نییە و ئەوەش بۆی هەیە خاڵێک بێت، ریال مەدرید لە دێربیدا، لە بەرژەوەندی خۆی بیقۆزێتەوە.
 
یارییەکانی ئەمڕۆ:
 
ڤیاریال - سێڤییا 17:15
ریال سۆسیداد - ئیسپانیۆل 19:30
ریال بێتیس - خیرۆنا 19:30
ئاتلێتیکۆ مەدرید - ریال مەدرید 22:00

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە