ئەمشەو سێریا ئەی گڕ دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە ململانێیەکی زوو دەستپێکردووی پێشوەختە راگەینێنراوی وەرزی ئەمساڵی سێریا ئەیدا، هەفتەی حەوتەمی خولەکە دەبێتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی ئەو یانە زلهێزانەی هەرزوو لە پلەکانی پێشەوە شوێنیان بۆخۆیان گرتووە و نایانەوێت بەئاسانی دەستبەرداری شوێنەکانیان ببن.
 
رۆمای مۆرینیۆ، لە نێو کەشێکی جادووییانەی پڕ لە هەڵچوون و داچوون و تووڕەیدا، لە نێو کۆبوونەوەی دەیان هەزار هاندەری سوورپۆشی پایتەختدا، لە ئۆڵەمپیکۆ دەیەوێت و دەخوازێت، جەهەننەمێک بۆ ئاتلانتا دروست بکات کە ئێستا لەگەڵ رۆمادا تەنیا یەک خاڵ جیاوازیی هەیە و ئەمەش ئەوەندەی دیکە تووندی و رکابەرییەکانی یارییەکە بەرەو سەر دەبات.
 
ئاتلانتا یەکێکە لەو چوار تیپەی سێریا ئەی، کە تاوەکو ئێستا دووچاری شکست نەبوون، بەڵام بەهۆی یەکسانبوونەوە هەندێک خاڵیان لەدەستداوە.. رۆما گەرچی دووچاری شکستیش بووە بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ، بەڵام هەر بە ململانێکەر لەسەر ریزەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە ماوەتەوە.
 
لە نێو پێنج یانەی پێشەنگی خولی ئیتاڵیادا، رۆما خاوەنی لاوازترین هێڵی هێرشبەرییە و کەمترین گۆڵی کردووە، بەڵام ئەمە بۆ هاندەرانی و بۆ راهێنەرەکەی بابەتێک نییە ئەگەر ئەوان بتوانن یارییەکانیان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر ببەنەوە و سێ خاڵ بەدەست بهێنن.. جۆزێ مۆرینیۆ کە وەرزی رابردوو سەرپەرشتی گوورگەکانی پایتەختی وەرگرت و هەرزوو مێژووی ئەو یانەیە هەڵگێڕایەوە و کردیە خاوەن یەکەم نازناوی ئەوروپی، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا لەبەردەم ئامانج و خەونەکانی یانەکەیدا بێدەنگە، بەڵام بەبێدەنگی لەگەڵ گەورەکان و بەهێزترەکان لەخۆی لە ململانێدایە و بێگومان جۆزێ کە خوێندنەوەی تایبەت بۆ یارییە گەورەکان دەکات، ناهێڵی بەئاسانی خاڵەکانی ئەمشەوی لەدەست دەربچن.
 
ئاتلانتا شەشەم وەرز لەگەڵ گاسپەرینیدا بەڕێدەکات، سەرەتای ئەمساڵی لە ساڵانی پێشوو باشترە، ئیدی هەموو میدیای ئیتاڵی گاسپەرینییان خستووەتە ژێر فشارەوە و داوای لێدەکەن کارەکە تەواو بکات و یانەکە بکاتە خاوەنی نازناوێک. ستایلی هێرشبەرییانەی ئاتلانتا لەگەڵ گاسپەرینی، ساڵانی رابردوو ئەنجامی نەبووە، هاندەرەکانی چاوەڕێن ئەمساڵ ئەنجامێک بەدەستەوە بدات.
 
ململانێیەکی دیکەی لووتکە لەمشەوی ئیتاڵیادا، یاری نێوان میلان و ناپۆلی یان بەیەکگەیشتنی نێوان پیۆلی و سپالێتی، یان ئەو رووبەڕووبوونەوەیەی سیمبولی خۆشگوزارەنی و رەفاهیەت لە وڵاتەکەدا لەگەڵ سیمبولی هەژاری و پەراوێزکەوتن، کۆدەکاتەوە.
 
ناپۆلی بە دەستگرتن بە 14 خاڵ و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەوە دەچێتە سانسێرۆ. ئەو یانەیە لە شەش یاری رابردوودا چوار سەرکەوتن و دوو یەکسانبوونی هەیە، تیپێکە لەگەڵ سپالێتیدا بەدوای سەروەرییەکانی رابردووی خۆیدا دەگەڕێت.. سەروەریی رۆژانی مارادۆنا و داگیرکردنی هەموو ئەوروپا، تیپێک کە خۆی نوێکردووەتەوە و گۆڕانکاری گەورەی لە پێکهاتەکەیدا کردووە و بەهەناسەی نوێوە هاتووەتەوە مەیدان.
 
میلان، وەک پاڵەوانی وەرزی رابردوو بۆ بەرگری لە نازناوەکەی دێتە نێو یارییەکەوە، ئەو پاڵەوانەی ئەمساڵ نەدۆڕاوە و دەبێ لە وەرزی رابردووش ئامادەتر لەبەردەم نازناوەکەدا دەربکەوێت. پیۆلی جۆشوخرۆشی هاندەران و ئارامیی نێوپێکهاتەکەی وەک چەکی کاریگەر بەکاردەهێنێت، گەرچی یارییەکە بێبەشبوونی هەردوو تیپ و هاندەران لە تواناکانی ئۆسیمین لە ناپۆلی و لیاو لە میلان بەخۆوە دەبینێت و ئەوەش کەمێک لە هێزی هەردوو یانە لە یارییەکەدا دەهێنێتە خوارەوە.

 

یارییەکانی ئەمڕۆ:
 
ئۆدینێزی - ئینتەرمیلان 13:30
کرۆمۆنێزی - لازیۆ 16:00
مۆنزا - یوڤێنتوس 16:00 
فیۆرێنتینا - هێلاس ڤێرۆنا 16:00
رۆما - ئاتالانتا 19:00
میلان - ناپۆلی 21:45