ڤیدیۆ؛ نیوکاسڵ و لیدز یونایتد بەبێ سەرکەوتن مانەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

هەردوو یانەی نیوکاسڵ و لیدز یونایتد یاری دەستپێکی گەڕی پێنجەمی پرێمەرلیگیان ئەنجامدا، کە هەردوولا بە گۆڵێک و بە خاڵێک رازی بوون.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی سانت جەیمس پارک لە شاری نیوکاسڵ بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەوەشدا تیپی میوان دەستپێشخەربوو، کاتێک رافینیا لە خولەکی 13 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ لیدز یونایتد تۆمارکرد.
 
تیپی خاوەن ماڵ دوای ئەو گۆڵە زۆر هەوڵیدا بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەم ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە و لە دوایین خولەکدا ماکسیمین توانی ئەوە بۆ نیوکاسڵ بکات و تۆڕی لیدز بهەژێنێت.
 
هەردوو یانە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ پشووی نیوەی یەکەم لە یاریگە چوونە دەرەوە و لە نیوەی دووەمیشدا نەیانتوانی گۆڵ لە یەکدی بکەن و ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە.
 
بەم ئەنجامە، لیدز یونایتد بووە خاوەنی 3 خاڵ لە پلەی 16ـی ریزبەندیی، کە تاوەکو ئێستا لە 5 یارییدا نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبێنێت. بەهەمانشێوە نیوکاسڵیش کە تەنیا 2 خاڵی هەیە و لە پلەی 18ـی ریزبەندیدایە.