تایبەت بە رووداو.. کوردێک دەبێتە راهێنەری یانەیەکی بەنێوبانگی هۆڵەندا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەیەکی بەنێوبانگی هۆڵەندا گۆڵپارێزێکی بەنێوبانگی کوردستان دەکاتە راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکە.
 
یانەی ئادۆ دێنهاگی هۆڵەندی کە یەکێکە لە یانە دیارەکانی ئەو وڵاتە، گرێبەستی لەگەڵ کاوە حسۆ، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کورد واژۆکرد بۆ ئەوەی سەرپەرشتی مەشقدانەوەی گۆڵپارێزانی یانەکە بکات.
 
کاوە حسۆ لە هۆڵەنداوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بۆ وەرزی 2025-2024 وەکو راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی ئادۆ دینهاگ دەستنیشاکراوم بۆ ئەوەی مەشق بە گۆڵپارێزانی یانەکە بدەمەوە و زۆر دڵخۆشم و ئەمە بۆ من هەنگاوێکی گەورە و مێژووییە."
 
کاوە زیاتر گوتی "لەگەڵ من چەند گۆڵپارێزێکی دیکە لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپا سیڤی خۆیان پێشکێشی یانەکە کردبوو، بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری یانەکە، بەڵام دوای هەفتەیەک لە تاقیکردنەوە و مەشق، یانەکە منیان بۆ راهێنەرایەتیکردنی یانەکە هەڵبژارد."


ئادۆ دێنهاگ یەکێکە لە یانە دیار و بەنێوبانگەکانی هۆڵەندا، یانەکە لە 1905 دامەزراوە، ئێستا لە خولی پلە یەکی هۆڵەندا یاری دەکات.
 
کاوە حسۆ ناوێکی دیاری تۆپی پێیە لەسەر ئاستی سووریا، کوردستان و عێراق، پێشتر یاریی بۆ هەڵبژاردەی سووریا، یانەی جەیشی سووری، یانەی زاخۆ، لە خولی عێراق و یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەسەر ئاستی خولی کوردستان کردووە.

 

لە هۆڵەندا گۆڵپارێزە کوردەکەی خەڵکی عامودای رۆژئاڤای کوردستان، یاریی بۆ یانەی ڤیتێس دێلێفت کردووە، ئێستاش وەکو راهێنەر بۆ یانەی ئادۆ دێنهاگ و هەڵبژاردەی خوار 14 ساڵانی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کاردەکات.