ئەنچێلۆتی: هیچ کێشەیەک لە پێکەوە یاریکردنی چوار ئەستێرەکەمان دروست نابێت

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، رایگەیاند کە چوار ئەستێرەکەی یانەکەی ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ و بێلینگهام دەزانن چی دەکەن و هیچ کێشەیەک نابێت لەوەی هەرچواریان پێکەوە یاری بکەن.
 
ریال مەدرید لە یەکەم یاریی خۆیدا لە لالیگادا، لەسەر یاریگەی سۆن مۆیس دەبێتە میوانی یانەی مایۆرکا، کە راهێنەرەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤنی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و دووپاتیکردەوە کە یارییەکەیان بەرامبەر مایۆرکا قورس دەبێت.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانە، سەرەتا باسی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی تازە هاتووی یانەکەی کرد و گوتی "ئێمباپێ بەهرەمەندێکی نائاساییە و پێویستە یارمەتی بدەین بەخێرایی خۆی لەگەڵ تیپەکەدا بگونجێنێت، کەسێکی جدی و خۆبەکەمزانە، سەرەتایەکی نایابی هەبووە".
 
سەبارەت بەوەی ئایا یاریکردنی چوار ئەستێرەکەی پێکەوە کێشە دروست ناکات؟ کارلیتۆ گوتی "ئێمباپێ، ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ و بێلینگهام بۆ یەکەمجاره پێکەوه یارییان کرد، هیچ کێشه یەکیان نەبوو له پێکەوه گونجان، یاریزانه باشەکان بەئاسانی رێگەی خۆیان دەدۆزنەوه، ئەوان دەزانن چی دەکەن، پێویست ناکات هیچ شتێکی نوێ تاقی بکەمەوه بۆ ئەوەی لەسەری رابێن".
 
ئەنچێلۆتی باسی پشووی یاریزانەکانیشی کرد و گوتی "یاریزانان پێویستیان بە پشووە، هەروەها رۆژانی مۆڵەت، بۆیە بیر لەوە دەکەینەوە کە لە وەرزەکەدا رۆژانی پشوویان پێبدەین. لەوانەیە یاریزانێک لە یارییەکدا بەشداری نەکات و هەفتەیەک پشوو وەربگرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیدا پشوو بدات، ئەمە بۆ ئەو یاریزانانەیە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان یاری دەکەن، چونکە زۆرترین کاریگەریی درێژی وەرزیان لەسەرە".
 
راهێنەری مێرینگێ لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر مایۆرکا، گوتی "یارییەکەی بەرامبەر مایۆرکا بۆ ئێمە قورس دەبێت، ئەم تیپە ئێستا راهێنەرێکی نوێی هەیە و پیشەگەرە، بۆیە پێویستە بەردەوام بین و هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ بۆ بردنەوەی ئەم یارییە".