رۆناڵدۆ بۆچی تووڕە بوو؟

 
رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ، ئەستێرە و کاپتنی یانەی نەسڕ، دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی هیلال و لەدەستدانی جامی سوپەری سعودیە، راستەوخۆ چووە دەرەوە و میدالیای دووەمی وەرنەگرت.
 
نەسڕ و هیلال لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیەدا رووبەڕووی یەکبوونەوە، رۆناڵدۆ لە یارییەکەدا گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام هیلال بە چوار گۆڵ وەڵامی دایەوە و نازناوی جامەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە، بەمەش جارێکی دیکە رۆناڵدۆ شکستیهێنا لە بردنەوەی یەکەم نازناوی فەرمی لەگەڵ یانە سعودییەکە.
 
لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا، رۆناڵدۆ چەندجارێک بە تووڕەییەکی زۆرەوە لە یاریگەدا بینرا و ئاماژەی خەوتنی بۆ هاوڕێکانی دەکرد، جگە لەوەش هاندەرانی یانەی هیلال بە گوتنەوەی "مێسی، مێسی" یاریزانەکەیان بێزارتر کرد.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، رۆناڵدۆ راستەوخۆ لە یاریگە چووە دەرەوە، بەشداریی لە رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی دووەمی جامی سوپەری سعودیە نەکرد، ئەمەش کاردانەوەیەکی گەورەی دروستکرد.
 
چوونە دەرەوەی رۆناڵدۆ لە یاریگەدا، بەهۆی ئەو ئاستە خراپەوە بوو کە نەسڕ لە یارییەکەدا پێشکێشیکرد، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو خولەکی 55 لەپێشەوە بوون، بەڵام دوای ئەوە نازناوەکەیان لەدەستدا.
 
رۆناڵدۆ لەو کاتەوەی پەیوەندیی بە یانەی نەسڕەوە کردووە، هیچ نازناوێکی فەرمی لەگەڵ یانەکە نەبردووەتەوە، لەکاتێکدا هاندەرانی یانەکە چاوەڕوانییەکی زیاتریان لە دۆن هەبوو.
 
کریستیانۆ بەرامبەر یانەی هیلال سێ نازناوی لەدەستداوە، خولی سعودی، جامی شا و جامی سوپەری سعودیە، ئەوەی دۆن تێیدا سەرکەوتووە تەنیا جامی شا سەلمانە، کە پاڵەوانێتییەکی دۆستانەیە و وەرزی رابردوو نەسڕ لە یاریی کۆتاییدا لە یانەی هیلالیان بردەوە و نازناوەکەیان بەدەستهێنا.