لالیگا بۆ ریال مەدرید دەستپێدەکات و پاڵەوان ئامادەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئەورووپا بۆ جاری شەشەم لە مێژوویدا، ئەمشەو وەرزی نوێی لالیگا بۆ یانەی ریال مەدرید دەستپێدەکات.
 
یانەکە رۆژی شەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە لالیگادا بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا ئەنجامدا، لە مەشقەکانی یانەکەدا، کیلیان ئێمباپێ و ئەستێرەکانی دیکەی یانەی شاهانە بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەردەکەون و دەیانەوێت بەبردنەوەی یەکەم سێ خاڵ بچنە نێو رکابەرییەکان.
 
کاژێر 22:30 ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی وەرزی نوێ دەستپێدەکات، یانەکە چاوی لەوەیە هەنگاوی یەکەمی بە سەرکەوتن بنێت و یەکەم سێ خاڵ بباتەوە.
 
ریال مایۆرکا لە یاریگەی خۆیدا هەمیشە بۆ ریال مەدرید تیپێکی بێزارکەر بووە، ساڵی 2023 لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی ریال مەدریدی بردووەتەوە و ئەمشەویش دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باشەوە دەستپێبکات.
 
بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی "یارییەکەمان بەرامبەر ریال مایۆرکا زەحمەت دەبێت، یارییەکەی بەرامبەر مایۆرکا بۆ ئێمە قورس دەبێت، ئەم تیپە ئێستا راهێنەرێکی نوێی هەیە و پیشەگەرە، بۆیە پێویستە بەردەوام بین و هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ بۆ بردنەوەی ئەم یارییە."
 
راهێنەری یانەی شاهانە دەڵێت "ئێمباپێ بەهرەمەندێکی نائاساییە و پێویستە یارمەتی بدەین بەخێرایی خۆی لەگەڵ تیپەکەدا بگونجێنێت، کەسێکی جدی و خۆبەکەمزانە، سەرەتایەکی نایابی هەبووە.
 
یاریزانەکانی ریال مەدرید بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن، تەنیا ئێدوارد کاماڤینگا و دەیڤد ئالابا، بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.