لاپۆرتا پلانێکی تایبەتی داناوە بۆ گەڕاندنەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا

18-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو هەولێر 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، سیاسەتێکی تایبەت پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی پاریس سانجێرمان رازی بکات جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ یانە کەتەلۆنییەکە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، قسەکردن لەسەر داهاتووی مێسی دەبێتە جێی مشتومڕ لە چەند مانگی داهاتوودا، بەهۆی تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2023، هەروەها بارسا خواستی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی لیۆ.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە ئێستا لیۆ گرنگی بە دەستپێکردنی وەرزی دووەمی خۆی دەدات لەگەڵ سانجێرمان و ئامادەکارییەکی بەهێز بۆ مۆندیال دەکات، هەروەها پێناچێت پێش مۆندیالی قەتەر هیچ بڕیارێک لەبارەی داهاتووی خۆی بدات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە یانە پاریسییەکە بەنیازە ئەو بڕگەیە چالاک بکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی بۆ وەرزێکی دیکە، واتا تاوەکو هاوینی 2024، بەڵام هێشتا مێسی لەو بارەیەوە هیچ بڕیارێکی نەداوە.
 
وەک میدیاکانی کەتەلۆنیا باسی دەکەن، خوان لاپۆرتا سەرەتا دەیەوێت پردێک دروست بكات بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ لیۆنێل مێسی، کە تاوەکو ئێستا دەستی پێنەكردووە، بەڵكو دەیەوێت فاكتەری كات بەكاربهێنێت بۆ هێوركردنەوەیەکی تەواوی مێسی.
 
ئه‌ستێره‌ ئه‌رجه‌نتینییه‌کە له‌ به‌رپرسانی بارسا توڕه‌ بووه‌ به‌هۆی نوێنه‌كردنه‌وه‌ی گرێبەستەکه‌ی له‌ هاوینی ساڵی 2021 و ناچارکردنی بە رۆیشتن لەو یانەیەی زۆر خۆشی دەوێت، هه‌روه‌ها خه‌ونه‌كه‌ی بۆ وازهێنان له‌نێو كامپ نودا به‌دی نه‌هێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە