دووەم ملیاردێری بەریتانیا دەیەوێت بەشێکی مان یونایتد بکڕێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ماڵباتی گلایزەر بیر لەوە دەکاتەوە بەشێکی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد بفرۆشێت، ملیاردێرێکی بەریتانیش بیر لە کڕینەوەی دەکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی بلۆمبێرگ، ماڵباتی گلایزەر کە لە ساڵی 2005ـەوە خاوەنداریەتی مانچێستەر یونایتد دەکات بیر لەوە دەکاتەوە بەشێکی پشکەکانی یانە ئینگلیزییەکە بفرۆشێت، لەکاتێکدا هاندەرانی یانەکە داوای رۆیشتنی ماڵباتەکە و وازهێنانیان لە یانەکەیان دەکەن.
 
ماڵباتی گلایزەر یانەی مانچێستەر یونایتدی بەرامبەر 790 ملیۆن پاوەند کڕیووەتەوە و خاوەنداریەتی زۆرینەی پشکەکانی یانەکە دەکات.
 
لەلایەکی دیکەوە میدیای بەریتانیا دەڵێت " جیم راتکلێف ملیاردێری بەنێوبانگی بەریتانی دەیەوێت بەشێکی یانەکە بکڕێتەوە و یەکێکە لە کەسە نزیکەکان بۆ بەدەستهێنانی پشکەکانی یانەکە و ماوەیەکی زۆرە گرنگیی پێدەدات."
 
جەیمس ئارسەر راتکلیف لە دایکبووی 1952ـەوە، ئەندازیار و بازرگانی کیمیایە، خاوەنی کۆمپانیای ئینێوسە و بەپێی پێوەرەکانی بلۆمبێرگ سامانەکەی دەگاتە 28 ملیار و 200 ملیۆن پاوەند و دووەم دەوڵەمەندترین کەسی بەریتانیایە.