راهێنەری بەرازیل بۆ ئێمباپێ: ئێمە لەگەڵ ئازەربایجان یاری ناکەین

18-08-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ تیتێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تیتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، وەڵامی لێدوانەکانی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان دەداتەوە، پێیدەڵێت "ئێمە بەرامبەر ئازەربایجان یاری ناکەین".
 
راهێنەری سامبا، لێدوانەکانی کیلیان ئێمباپێی رەتکردەوە، کە گوتبووی "پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیال قورسترن لە هاوتاکەیان لە ئەمریکای باشوور".
 
هێرشبەرەکەی پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی فەرەنسا لە مانگی ئایاری رابردوودا رایانگەیاندبوو کە هەڵبژاردەکانی ئەوروپا لە پاڵەوانێتییەکانی جیهاندا سەرکەوتوون، چونکە لە پاڵاوتنەکاندا یارییەکان لە بەرزترین ئاستدا ئەنجام دەدەن.
 
کیلیان ئێمباپێ، کە لە ساڵی 2018 لەگەڵ فەرەنسا نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆپی پێ لە ئەمریکای باشوور وەک ئەوروپا پێشکەوتوو نییە، بەڵام تیتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل لەگەڵ ئێمباپێ هاوڕا نییە و پێیوایە  پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بەهێزترین پاڵاوتنن لە سەرانسەری جیهاندا.
 
تیتێ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "لەوانەیە ئێمباپێ مەبەستی لە نەیشنلیگ یان یارییە دۆستانەکانی ئەوروپا بێت، نەک پاڵاوتنەکانی مۆندیال".
 
راهێنەری سامبا روووی قسەکانی لە ئێمباپێیە و دەڵێت "بەوپەڕی رێزەوە، ئێمە لەگەڵ لەگەڵ ئازەربایجان یاری ناکەین، کەسمان نییە ئاسوودەییتان پێبدات".
 
تیتێ گوتیشی "ئاستی پاڵاوتنەکان لێرە بەرزترە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا".
 
هەڵبژاردەکانی ئەوروپا لە دوایین 4 مۆندیالدا نازناوەکەیان بەدەستهێناوە، ئیتاڵیا لە ساڵی 2006، ئیسپانیا لە ساڵی 2010، ئەڵمانیا لە ساڵی 2014 و فەرەنسا لە ساڵی 2018.
 
ئەمە درێژترین بردنەوەی لەسەریەکە بۆ یەک کیشوەر لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، لە کاتێکدا لەو ماوەیەدا تەنیا یەک تیپ لە دەرەوەی ئەوروپا پلەی دووەمی مۆندیالی بەدەستهێناوە، ئەویش هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بوو لە مۆندیالی 2014ـی بەرازیل.
 
لە کۆی 21 مۆندیالی پێشوو 12 جار هەڵبژاردەکانی ئەوروپا بوونەتە پاڵەوان، 9 جاریش جامەکە بۆ هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور بووە، 5 جار بۆ بەرازیل، 2 جار ئەرجەنتین و 2 جاریش ئۆرۆگوای.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا بلیتێکی بەشداری بۆ مۆندیلی 2022ـی قەتەری بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە 5 بردنەوە و 3 یەکسانبوون لە 8 یارییدا بووە یەکەمی کۆمەڵەکەی لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپادا.
 
لای خۆیه‌وه‌ هەڵبژاردەی به‌رازیل هیچ یارییه‌كی له‌ پاڵاوتنه‌كاندا نه‌دۆڕاند و 14 بردنه‌وه‌ و 3 یه‌كسانبوونی به‌ده‌ستهێنا، به‌ پێشه‌نگی پاڵاوتنه‌كان گەیشتە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە بە 6 خاڵ له‌پێش ئه‌رجه‌نتینی دووەمەوە بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەبوونی هاندەران لە ستۆدیۆی تایبەتی رووداو بۆ رووماڵی یارییەکانی یۆرۆی 2024. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بینەرانی رووداو بوونە براوەی یۆرۆ 2024

بینەرانی رووداو بەشێوەیەکی زۆر ئینتراکتیڤ بەشدارییان لە بەرنامەکانی رووداو دا کرد، بۆ نیشاندانی بۆچوون و پێشبینییەکانیان، بە ملیۆنان تێچێن (کۆمێنت) بەشدارییان لەگەڵ بەرنامەی (ستۆدیۆی یۆرۆ)ی رووداو دا کرد. 84 بینەری رووداو لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بوونە براوەی خەڵاتەکانی رووداو. خەڵاتەکانیش بەوشێوەیە بوون:( یەک ئۆتۆمبێل، 23 تەلەڤزیۆن، 23 لیرەی زێڕ، 28 ئایپاد، 20 مۆبایلی زیرەک، 12 دەست کەلوپەلی نێوماڵ).