پەیامی تێر شتیگن لەبارەی نەشتەرگەرییەکەیەوە

18-08-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تێر شتیگن
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی رایگەیاند، ئەمڕۆ نەشتەرگەری بۆ ئاندرێ تێر شتیگن، گۆڵپارێزی یانەکە دەکرێت و ئەگەری هەیە ماوەیەکی زۆریش دووربکەوێتەوە.

بارسا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دەڵێت، شتیگن لە قاچی راستیدا نەشتەرگەریی بۆ دەکات و رامۆن کوچاتی پزیشک سەرپەرشتی نەشتەرگەرییەکەی دەکات و دوای کۆتاییهاتنیشی وردەکاریی زیاتر بڵاودەکاتەوە.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، تێر شتیگن لە پەیامێکدا لە تویتەر گوتی، لە ژێیەکانی ئەژنۆیدا نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت، دوای ئەوەی بارودۆخەکەی لەگەڵ پزیشکەکان هەڵسەنگاندنی بۆ کرا و لە ماوەی رابردوودا هەستی بە ئازار کرد، ئەوە هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بەباشی بۆ داهاتوو ئامادەبم.

شتیگن زیاتر گوتی، پێویستیم بە چەند هەفتەیەک دەبێت بۆ ئەوەی بە هەموو ئاستمەوە بگەڕێمەوە، زۆر لەسەرەخۆم و بە ئەرێنی سەیری بارودۆخەکە دەکەم، لە نزیکدا دەگەڕێمەوە.

گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی هاندەران دەکات بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە بۆ ئەو گۆڵپارێزە کردوویانە و دەڵێت، زۆر رێزی ئەوە دەگرم.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، تێر شتیگن بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەوە تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو ناگەڕێتەوە، سەرەڕای ئەوەی یانەکە ماوەی دوورکەوتنەوەی گۆڵپارێزەکەی ئاشکرانەکردووە.

شتیگن لەم وەرزەدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 47 یارییکردووە، 12 یاریی گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە