راهێنەرێکی بەنێوبانگ بۆ وەرگرتنی هەڵبژاردەی هۆڵەندا بەربژێرە


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا، پەیوەندیی بە ئارسین ڤینگەر راهێنەری بەنێوبانگی فەرەنسی کردووە، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژادەکەیان وەربگرێت.

میدیای هۆڵەندا بڵاویکردەوە، فیدراسیۆنەکە هەنگاوەکانی دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی ڤینگەر رازیبکەن، شوێنی رۆناڵد کۆمان بگرێتەوە کە ئەمیان نزیکە لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا.

ڤینگەر لە دوای رۆیشتنی لە ئارسیناڵ لە ساڵی 2018، پۆستی راهێنەرایەتی هیچ یانە و هەڵبژاردەیەکی وەرنەگرتووە، ئێستا ئەو سەرۆکی بەرەوپێشبردنی تۆپی پێیە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان.



راهێنەرە فەرەنسییەکە لەکاتێکدا بەربژێرە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، چەند رۆژێک لەومەبەر لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هەموو رۆژێکی ژیانی دەیەوێت راهێنەر بێت و بیر لەوە دەکاتەوە بگەڕێتەوە نێو کاری راهێنەرایەتی و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی چەندینجار ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە پێی خۆشە لەگەڵ هەڵبژاردەیەک کاربکات.

کۆمان لە 2018ـەوە راهێنەرایەتی هۆڵەندا دەکات، ئەو توانیی هەڵبژاردەکە رێکبخاتەوە و سەرکەوتنی بۆ یۆرۆ بەدەستهێنا کە ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و لە رکابەرییەکانی نەیشن لیگیشدا پلەی دووەمی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە پۆرتوگال دۆڕان.