نادال بۆ سینسیناتی ده‌جه‌نگێت



  جۆن ئیسنەری ئەمریکی و رافایل نادالی ئیسپانی بۆ یاری کۆتایی پاڵەوانیەتیی سینسیناتی ئەمریکی سەرکەوتن.


 ئیسنەر بووە سوپرایزی پاڵەوانیەتییەکە دوای ئەوەی لە قۆناخی پێش کۆتاییدا لە مارتن دیل پۆترۆی حەوتەمی تێنسزانانی جیهانی بردەوە، لە کاتێکدا نادال لە هەمان قۆناخدا لە تۆماس بیردیچی بردەوە.

ئیسنەری یاریزانی ژمارە بیست و دووی ریزبەندی جیهان، پێشتر نۆڤاک جۆکۆڤیجی سڕبی پێشەنگی تێنسزانانی کردبووە دەرەوە و ئەمجارەیان بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک لە دیل پۆترۆی بردەوە.

هەرچی رافایل نادالە بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر بەسەر بیردیچی چیکیدا سەرکەوت و بۆ یەکەمجار گەیشتە یاری کۆتایی ئەم پاڵەوانیەتییە کە پێنج جار بەشداریی تێدا کردووە.

بەو بردنەوەیە کۆی بردنەوەکانی نادال لە وەرزی ئەمساڵدا گەیشتە پەنجا و دوو بردنەوە بەرامبەر تەنیا سێ دۆڕان.