وەرزی داگیرکردنی وەرزش لەلایەن ئیسپانیاوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یۆرۆ 2024 ئیسپانیا ریال مەدرید یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهان، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای دڵی هاندەرە ئیسپانییەکانی بەدواداهات. هاوینە گەرمەکەی دونیا، دڵی وەرزشوان و هاندەرە ئیسپانییەکانی بەشێوەیەکی نموونەیی گەرمکرد، گەرمکردنێک کە ئاهەنگ و خۆشیی بەهەمووان بەخشی.
 
ئیسپانیا، تاوەکو ئێستا لەدۆخی ئاهەنگگێڕان و خۆشیدا دەژی، دەکرێ ئەو خۆشی و ئاهەنگانە درێژە بکێشن، کاتێک وەرزشوانە ئیسپانییەکان بەشداری لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا دەکەن و هەلی بردنەوەی چەندین میدالیای جیاوازیان لەبەردەستدایە.
 
لە باسکە و بالەوە
 
سەرکەوتنی وەرزش و وەرزشوانە ئیسپانییەکان، تەنیا لەو رووداوە گەورەیەدا بەرجەستەنەبوو کە لە کۆتاییەکانی یۆرۆدا روویاندا، بەڵکو لە بالە و باسکەوە دەستیان پێکرد.
 
یانەی پالۆنکیستۆ مەلەگای ئیسپانی، نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی باسکەی ئەوروپای بەدەستهێنا. پاڵەوانێتییەکە لە یۆرۆلیگی ئەوروپا جیاوازە.
 
پالۆنکیستۆ مەلەگا لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەجیاوازیی 80 بە 75 خاڵ لە لینۆڤۆ تینیریفی بردەوە. ئەو تیمە بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات بۆ باسکە.
 
یانەی بارسێلۆنا نازناوی بالەی چامپیۆنزلیگی ئەوروپای بەدەستهێنا، دوای بردنەوەی لەیاریی کۆتاییدا لە ئالبۆرگی دانیمارکی بە 31 خاڵ بەرامبەر 30 خاڵ.
 
ئالکاراز پاشای نوێی تێنس
 
پاش ساڵانی زۆری درەوشانەوە و دەرکەوتنی رافایێل نادال لە دونیا تێنسدا، هاوینی ئەمساڵ ئەستێرە نوێیەکەی ماتادۆر، کارلۆس ئالکاراز گەیشتە لووتکەی درەوشانەوەی خۆی.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی کاروانی نۆڤاک جۆکۆڤیچ و پاشەکشەی گەورەی ئاستی نادال، ئالکاراز خەریکە دەبێتە ئایکۆنی نوێی دونیای تێنس.
 
کۆتاییهاتنی کاروانی گەورەی ئەستێرە گەورەکانی تێنس، دەرنەکەوتنی ئەستێرەی زۆر لێهاتوو لەو وەرزشەدا جگە لە یانیک سینێری ئیتاڵی، رێگەی بوونە ئایکۆنی تێنسی بۆ ئالکاراز خۆشکردووە.
 
ئالکاراز کە ئێستا خۆی بۆ ئۆڵیمپیادی پاریس ئامادە دەکات، ساڵی 2024ی کردە ساڵێکی نموونەیی. ئەو تێنسزانە لە ماوەی رابردوودا نازناوی تێنسی ویمبڵدنی بەدەستهێنا، کە سێیەم نازناوی گەورە پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵی گراند سلامە.
 
ئالکاراز هەر ئەمساڵ بەبردنەوەی نازناوی گراند سلامی رۆلان گارۆس، ژمارەی نازناوەکانی خۆی لە گراند سلام گەیاندە چوار نازناو و دووپاتیکردەوە یەکێکە لەو ئەستێرانەی دەتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوو مێژووی گەورە تۆمار بکات و باشترین شوێنگرەوەشە بۆ رافا نادال، کە ساڵانێک ئەستێرەی یەکەمی تێنس بوو.
 
ریال مەدرید و خانمانی بارسێلۆنا
 
کاروانە ناوازەکەی ئیسپانییەکان تەنیا لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەدا کۆنەبووەوە، یانەکانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان، کۆنترۆڵی نازناوە کیشوەرییەکانی ئەوروپایانکرد.
 
یانەی ریال مەدرید، لە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەی خۆیدا، کە چامپیۆنزلیگە، نازناوی ژمارە پانزەی خۆی بەدەستهێنا، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا لە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بردەوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.
 
ریال مەدرید، لە کاروانی خۆیدا لە چامپیۆنزلیگ، قورسیی و زەحمەتیی زۆری بڕی و زۆر رکابەری بەهێزی تێپەڕاند، لەنێویاندا بایرن میونشنی ئەڵمانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی کە پێپ گواردیۆلای ئیسپانی راهێنەرایەتی دەکات و لای خۆیەوە نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە و بووە یەکەم راهێنەر چوار نازناوی پرێمەرلیگ بەسەر یەکەوە بباتەوە لە مێژوودا.
 
ریال مەدرید خاوەنی پانزە نازناوی چامپیۆنزلیگە لە مێژووی خۆیدا و بەوەش دووپات لە باڵادەستبوونی یانە ئیسپانییەکان بەسەر کۆی ئەوروپا دەکاتەوە.
 
خانمانی بارسێلۆنا، لەسەر ئاستی ئافرەتان باڵادەستبوونی ئیسپانیایان بەسەر تۆپی پێی ئافرەتان لەسەر ئاستی ئەوروپا دووپاتکردەوە، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا، نازناوەکەیان بەدەستهێنا پاش سەرکەوتنیان بەسەر لیۆنی فەرەنسی و لە سایەی درەوشانەوەی هەریەکە لە ئیانا بنوماتی و ئەلێکسیا پۆتیاسی یاریزانانی یانەکە.
 
ئاهەنگە گەورەکە لە یۆرۆدا بوو
 
دوایین بۆنەی ئاهەنگگێڕانی ئیسپانییەکان و سەرکەوتنە گەورەکەیان لە یۆرۆی 2024دا بوو کاتێک هەڵبژاردەکە نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
 
بەر لە دەستپێکردنی یۆرۆ، ئیسپانیا بەربژێری بردنەوەی نازناوەکە نەبوو، چونکە پێکهاتەیەکی گەنج چاوەڕێی ئەو درەوشانەوە گەورەیەی لێنەدەکرا.
 
لە باسی بەربژێرانی نازناوەکەدا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، پۆرتوگال و ئەڵمانیا لە پێش ئیسپانیاوە بوون، بەڵام دی لافوێنتێی راهێنەر، لەگەڵ یاریزانە گەنجەکانیدا، هەموو هاوکێشەیەکی ئاوەژوو کردەوە.
 
ماتادۆر لە یۆرۆدا پێگەیشت و گەورەبوو، رێگری و ئەستەمی زۆری بڕی، سەرکەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی بەهێزدا بەدەستهێنا، لەنێویاندا کرواتیا و ئیتاڵیای پاڵەوانی یۆرۆی پێشوو. پاشان ئەڵمانیا لە قۆناخی هەشت و فەرەنسا لە چوارگۆشەی زێڕین و لە کۆتاییشدا ئینگلتەرا لە یاریی کۆتایی.
 
ئیسپانیا لەگەڵ بردنەوەی نازناوەکەدا، ژمارەی نموونەیی و سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد، تاکە هەڵبژاردەبوو لە کۆی مێژووی یۆرۆدا، سەرکەوتن لەسەرجەم یارییەکانی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستبهێنێت و بگاتە نازناوەکە.
 
ئیسپانیا ساڵێکی ناوازەی وەرزشیی لەسەرجەم رووەکانەوە هەبوو، چنینەوەی بەرهەمی کار و هەوڵدانی بەردەوامی وەرزشوانەکانی بوو. ئیسپانییەکان هێشتا چاویان لە دەستکەوتی گەورەتر و گەیشتنە لووتکەی زیاترە، بەتایبەت کە چەندین رووداوی دیکەی گەورەی وەرزشی، لەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا چاوەڕێیان دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە