دوای یۆرۆ نرخی یاریزانانی ئیسپانیا دەفڕێت

رووداو دیجیتاڵ

 

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، توانی نازناوی یۆرۆی 2024 بباتەوە، بەهای بازاڕیی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرزبوونەوەیەکی سەرسوڕهێنەری بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتیش لامین یامالی یاریزانی لاوی یانەی بارسێلۆنا، کە نرخەکەی زۆر بەرزبووەتەوە.
 
جامی نەتەوەکانی ئەورووپا بەڕاستی کاریگەریەکی گەورەی بەسەر زۆر لە ئەستێرەکانی یۆرۆ هەبوو، بەتایبەتی یاریزانە گەنجەکان و بەتایبەتیتریش یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، کە ئاستێکی زۆر بەرزیان لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشکێشکرد و بوونە پاڵەوانی ئەورووپا.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، بەدواداچوونی بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە کردووە کە لە بەهای بازاڕیی زۆر لە ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا روویداوە، دوای بردنەوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024.
 
هەر یاریزانێک دوای پاڵەوانێتییەکە دیارییەکی زیادەی وەرگرت، کە پەیوەندی بە بەهای بازاڕییەکەیەوە هەبوو.
 
ئەمەی خوارەوە بڕی ئەو گۆڕانکارییەیە کە دوای یۆرۆی 2024 بەسەر بەهای بازاڕیی دیارترین ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا هاتووە، بەپێی بەدواداچوونی مارکا:
 

لامین یامال
 
ئەستێرەکەی بارسێلۆنا، کە بەهاکەی نزیکەی 78 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئێستا بەهای بازاڕییەکەی 105 ملیۆن یۆرۆیە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یۆرۆی 2024 بەشێوەیەکی بەرچاو درەوشایەوە.
 

نیکۆ ویلیامز
 
هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نیکۆ ویلیامز کەم نەبوو، چونکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا 12 ملیۆن یۆرۆی زیادکرد، کە بەهۆی بەشدارییەکانی لە یۆرۆدا، بەهای بازاڕییەکەی گەیشتە نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ.
 

ئونای سیمۆن
 
بەهای بازاڕییەکەی گۆڵپارێزەکەی ئاتلێتیک بیلباو لە 28.4 ملیۆن یۆرۆوە بۆ 34.8 ملیۆن یۆرۆ زیادیکردووە، واتا 6.4 ملیۆن یۆرۆ چووەتە سەر نرخەکەی.
 

فابیان رویز
 
هەرچەندە ژیانی وەرزشی لە پاریس بەشێکی زۆری هێزەکەی سڕییەوە، بەڵام پاڵەوانێتی یۆرۆ ئەوی گەڕاندەوە لووتکەی شکۆمەندییەکەی و بەهای بازاڕییەکەی بە نزیکەی پێنج ملیۆن یۆرۆ زیادیکرد، بەمەش کۆی بەهاکەی گەیشتە نزیکەی 47 ملیۆن یۆرۆ.
 

دانی ئۆلمۆ
 
ئۆلمۆ پەیوەندی بە زۆر لە یانەکانەوە هەبووە، بڕگەی مەرجی سزایی نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆیە، ئەوەی لێرەدا سەرسوڕهێنەرە ئەوەیە کە ئەم مەرجە زۆر نزیکە لە بەها نوێیەکەی لە بازاڕدا، کە گەیشتووەتە 51.6 ملیۆن یۆرۆ، واتا نزیکەی پێنج ملیۆن یۆرۆ زیادیکردووە.
 
 

مارک کۆکۆریا
 
سەرەڕای دابەزینی ئاستی یاریزانانی چێڵسی و خولی ئینگلیزی، بەڵام نرخی کۆکۆریا لە یۆرۆدا گەیشتە 26 ملیۆن یۆرۆ، کە پێش پاڵەوانێتییەکە نرخی 21 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 

رۆبن لی نۆرماند
 
یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی ئەو پاڵەوانێتییە بوو، کە بەهاکەی لە 33.1 ملیۆن یۆرۆوە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 37.3 ملیۆن یۆرۆ.
 

دانی ڤیڤیان
 
هەرچەندە لە یۆرۆدا زۆر یاری نەکرد، بەڵام نرخی دانی ڤیڤیان بەبڕی 4 ملیۆن یۆرۆ زیادیکرد و کۆی بەهای ئەو یاریزانە گەیشتە نزیکەی 26 ملیۆن یۆرۆ.
 

میکێل ئۆیارزاباڵ
 
خاوەنی گۆڵی بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024، میکل ئۆیارزاباڵ، بەهای بازاڕییەکەی بە نزیکەی 3 ملیۆن یۆرۆ زیادیکردووە، کە گەیشتووەتە 40.5 ملیۆن یۆرۆ.
 

ئێمریک لاپۆرت
 
پێش ئەوەی دەنگۆی گرنگی پێدانی لەلایەن یانەی ریال مەدریدوە بڵاوببێتەوە، لاپۆرت بەو ئاستە بەرزەی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا پێشکێشی کرد بووە جێگەی سەرسوڕمان بۆ هاندەرانی یانەی نەسڕی سعودی.
 
بەهای بازاڕیی لاپۆرت نزیکەی دوو ملیۆن و نیو زیادیکردووە و بەگشتی گەیشتووەتە 24 ملیۆن یۆرۆ.