دهۆک بەرامبەر زەورا و زاخۆ لەگەڵ نەجەف دوو یاریی مێژوویی ئەنجامدەدەن

18-07-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی زاخۆ یانەی دهۆک
A+ A-
رووداو هەولێر

بڕیارە سبەی هەینی لە دوو یاریی چارەنووسسازی پلەی ئۆفی عێراقدا، هەریەک لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ شەڕی بەدەستهێنانی مافی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە بکەن.
 
ئەوەی تایبەت بێت بە یانەی دهۆک، رۆژی هەینی کاژێر 18:00 لەنێو یاریگەی شەعب لە شاری بەغدا رووبەڕووی یانەی زەورا دەبێتەوە.
 
سەرەتا دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک ناڕەزایەتییەکی زۆرییان بەرامبەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پیشاندا و رەخنەیان لە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە گرت، بەڵام دوێنێ شاندی یانەی دهۆک گەیشتە شاری بەغدا و تیپەکە لە ئامادەکاری و راهێنانەکانی لەنێو یاریگەی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق بەردەوامە.
 
شڤان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی وەرزشیی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بارودۆخی تیپەکەمان زۆر باشە و مۆراڵی یاریزانانمان بەرزە و بۆ سەرکەوتن گەشتی شاری بەغدامان کردووە ".
 
لە ریزی یانەی دهۆک هەریەک لە محەممەد مەعن و سولی بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن، ئوسمان سانێ و روبن ئاکوا دوو یاریزانی دیکەی دهۆکن کە بەهۆی وەرگرتنی پشوو لەم یارییەدا بەشداری ناکەن.
 
شڤان محەممەد، زیاتر روونیکردەوە "یارینەکردنی ئەو یاریزانانە کاریگەری دەبێت، بەڵام ئێمە هاندەرانیشمان بە رێژەیەکی زۆر ئامادە دەبن لەنێو یاریگەی شەعب، بەپێی دوایین ئامار 8 پاس هاندەرانمان لە شاری دهۆک دەگوازنەوە بۆ شاری بەغدا، ژمارەیەکی زۆری هاندەرانیش بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشتی شاری بەغدا دەکەن".
 
براوەی یاریی نێوان یانەی زەورا و دهۆک راستەوخۆ دەبێتە نوێنەری عێراق بۆ بەشداریکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب، واتە ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ یانەی دهۆک بۆ ئەوەی بەشداری رکابەرییەکی دەرەوە بکات، کە پێشتر یانەی دهۆک بەشداری جامی یەکێتیی یانەکانی ئاسیای کردووە.
 
یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ بەسەرپەرشتی تەڵاڵ بلووشی راهێنەر و ئەمجەد عەتوانی کاپتنی تیپەکە ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق نماییشکرد، کە کوڕانی خابوور دوور لە هاندەرانیان یاری لەگەڵ یانەی نەجەف دەکەن، ئەم یارییە لەنێو یاریگەی زەورا لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.
 
سوورپۆشانی خابوور دەیانەوێت بلیتی بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی خولی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب وەربگرن.
 
وەرزی ئەمساڵ خولی ئەستێرەکانی عێراق بە بەشداری 20 یانە بەڕێوەچوو، یانەی شورتە وەک یانەی پاڵەوان بەشداری چامپیۆنزلیگی ئاسیا دەکات، یانەی جەوییە کە پلەی دووەمی خولە بەشداری چامپۆنزلیگی ئاسیا دەکات.
 
یانەی زەورا لە پلەی سێیەم و یانەی نەجەف پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولەکە هاتن، هەریەک لە یانەکانی زاخۆ و دهۆک لە پلەکانی پێنجەم و شەشەم هاتن، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە رێگای ئەنجامدانی یاریی پلەی ئۆف نوێنەری عێراق بۆ بەشداریکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی عەرەب دیاری دەکات.
 
ئەنجامدانی یاریی پلەی ئۆفی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یانەکانی زاخۆ و دهۆک بۆ بەشداریکردن لە خولێکی نێودەوڵەتی و یانە پاڵەوانەکانی عەرەبیش لەنێو یاریگەی زاخۆ و دهۆک یاری دەکەن، واتە دوو یاریگەی هەرێمی کوردستان میوانداریی یاریی نێودەوڵەتی دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە