لامین بە چەکی فاتی مەکوژن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لامین یامال بارسێلۆنا ئیسپانیا سامان وڵاتژێری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک مێسی دوای ئەو هەموو سەروەری و مێژووەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تۆماریکرد، یانەکە چووە نێو قۆناخێکی دیکە، قۆناخێک کە سەرەتایەکەی دیارە، بەڵام کۆتاییەکەی نا، سەرەتاییەکی خراپ و کۆتاییەک لە ژێر پرسیاری زۆردا.
 
هاتنی مێسی بۆ بارسێلۆنا چەندە بە سەنگ و کاریگەر بووبێت و بووبێتە هۆکاری ئەوەی بارسێلۆنا لە هەموو روویەکەوە بچێتە ئاستێکی دیکە، هێندەش ڤاڵایەکی گەورەی لە یانەکەدا دروستکردووە، کە ئەگەری پڕکردنەوەی مەحاڵ نەبێت، زۆر زەحمەتە.
 
کە لیۆ لە بارسا رۆیشت، ئیدی بۆچوونەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، هەندێک پێیانوابوو پێویستە بارسێلۆنا درێسی ژمارە 10 هەڵبگرێت و ئیدی کەس بووی نەبێت ئەو درێسە بپۆشێت، بەڵام هەندێکی دیکە دژی ئەو بۆچوونە بوون، بەتایبەت کە بەپێی رێکارەکانی تۆپی پێی ئیسپانیا دەبێت یانەکان ژمارەکان بە ریزبەند دابەشبکەن، بۆیە ئەگەر بارسا ئەو ژمارەیەی هەڵگرتبا یاریزانێکی کەم دەبوو.
 
ئەو کاتە درێسی ژمارە 10 درایە یاریزانێک، کە سەرەتای دەرکەوتنی بوو، یاریزانەکە ئانسو فاتی بوو، فاتی لە قۆناخێکی زۆر گرنگی گەشەکردندا بوو و تەمەنی 18 ساڵ بوو، بەهۆی ئاستەبەرزەکەیەوە نرخەکەی بەرزترین ئاستی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 80 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام دوای ئەوە چی روویدا؟
 
فاتی بووە خاوەنی ژمارە 10ـی بارسێلۆنا، یاریزانەکە لەو تەمەنە بچووکەدا هەم لەلایەن کارگێڕیی یانەکە، هاندەران و میدیای کەتەلۆنیاش گۆشارێکی زۆری خرایە سەر و هەمووان پێیاندەگوت مێسی نوێ، جێگرەوەی مێسی لە بارسێلۆنا، بەڵام بێ ئاگا لەوەی مێسی بوون هەر پۆشینی درێسی ژمارە 10 نییە، ئەوەی مێسی کرد، جیاواز و کەم وێنەیە و پڕکردنەوەی شوێنەکەی وا ئاسان نییە.
 
کات تێپەڕی و ژمارە 10ـی بارسێلۆنا رۆژ لە دوای رۆژ ون بوو، تووشی پێکانێکی قورس بوو و ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، تاوەکو وایلێهات شوێنی لە یانەکەدا نەما و برایتن بەخواستن گواستییەوە.
 
ئێستا کە باسی ئەو ژمارەیە 10ـەیە دەکەم، کە بارسێلۆنا پێی وایە جێگرەوەی مێسییە نرخەکەی 55 ملیۆن دابەزیووە، لەکاتێکدا تەمەنی هێشتا 21 ساڵە، جگە لەوەش دیارنییە هانزێ فلیک لە بارسێلۆنای نوێدا پێی رازی دەبێت یان نا.
 
ئەوەی مەبەستی سەرەکی منە لەم وتارەدا، ئەوەیە نابێت بارسێلۆنا هەمان هەڵە دووبارەبکاتەوە و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ فاتی کردی، لەگەڵ لامین یامال بیکات.
 
لامین لە تەمەنێکی بچووکدا، بەگەورەیی لە پاڵەوانێتییەکی گەورەدا دەرکەوت، لەگەڵ ئەوەشی کە خۆی گۆشاری خوێندنی لەسەر بوو، گۆشاری رووبەڕووبوونەوەی یاسای کارکردنی لە ئەڵمانیا لەسەر بوو، جگە لەوەی کە ئەدریان رابیۆ، یاریزانی فەرەنساش بەلێدوانەکانی گۆشاری خستبووە سەر یاریزانەکە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمەشدا، لامین بووە باشترین یاریزانی لاو لە یۆرۆدا.
 
لامین، لاوێکی 17 ساڵی نوێیە، بەهرەمەندێکی سەرنجڕاکێشی تۆپی پێیە، بارسێلۆنا ئەگەر بیەوێت جوانییەکی خۆی لە دوای رۆیشتنی مێسی پێشانی هەمووان بدات، پێویستە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ لامین بچێتە پێشەوە، مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ یاریزانەکە بکات، لەکاتێکدا بەهۆی گوشاری زۆری یارییکردن لە وەرزەکانی رابردوودا گاڤی تووشی پێکانێکی قورس بوو، بارسا و ئیسپانیا زیانیان پێگەیشت، پێدری لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ژمارەیەکی لە رادەبەدەر یارییکرد و کاریگەریی زۆری لەسەر توانای جەستەیی دروستکرد.
 
یامال راستە وەرزی نوێ ژمارە 19 دەپۆشێت و هەمان رێگەی سەرەتای دەرکەوتنی مێسی دەگرێتەبەر، چاوی میدیا و هاندەرانی زیاتر لەسەر دەبێت، بەڵام کە مامەڵەی تەندروستی لەگەڵ بکرێت، بەدڵنیاییەوە داهاتوویەکی گەشتری بۆ یانەکە و تۆپی پێی ئەوروپا و جیهانیش دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە