دیکۆ و نیکۆ رێککەوتوون

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بارسێلۆنا نزیکە لە ئەنجامدانی گرێبەستێکی گەورە و گرنگ بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی پێکهاتەی تیپەکەی، بۆ وەرزی داهاتوو.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا، لە هۆتێلێکی شاری زاراگۆزا، لەگەڵ فیلیکس تاینتا، بەڕێوەبەری کارەکانی نیکۆ ویلیامزی ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو، کۆبووەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، دیکۆ ئامانجی ئەوە نییە کات بەفیڕۆ بدات لەسەر گرێبەستەکەی نیکۆ ویلیامز و دەیەوێت بەخێرایی یەکلایی بکاتەوە.
 
رۆژنامەکە هەروەها باس لەوەش دەکات کە نیکۆ کراوەیە بۆ چوونە ریزەکانی بارسێلۆنا، بەتایبەتی کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ یاریزانانی بارسێلۆنا لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا تایبەتە، و پرسی یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە تەنیا کاتی ماوە.
 
نیکۆ ویلیامز یەکێک بوو لە یاریزانە هەرە دیارەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، کە یەکشەممەی رابردوو نازناوی یۆرۆی 2024ـی بەدەستهێنا، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی 2-1 لە ئینگلتەرای بردەوە.
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای مێرکاتۆ لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی "X" نووسیویەتی "بارسێلۆنا پێشتر دەستەوارەیەکی پێشکەش بە نیکۆ ویلیامز کردووە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێککەوتن لەسەر مەرجە کەسییەکانی گرێبەستەکە پێش ئەوەی بچێتە نێو رکابەرییەوە لەگەڵ یانەکانی ئینگلتەرا، کە ئەوانیش داوای واژۆی نیکۆ دەکەن".
 
گرێبەستەکەی نیکۆ ویلیامز لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو بڕگەی مەرجی سزایی تێدایە، کە بەهاکەی 58 ملیۆن یۆرۆیە.