دایکی ئێمباپێ: کوڕەکەم پەشیمان نییە لە رەتکردنەوەی ریال مەدرید

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فایزە عەماری کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید، دووپاتیکردەوە کە ئێمباپێی کوڕی پەشیمان نییە لەوەی لە ساڵی 2022 پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە نەکردووە. گوتیشی "بێجگە لە ریال مەدرید، کوڕەکەی ئامادە نەبوو بۆ هیچ یانەیەک لە پاریس سانجێرمان بڕوات".
 
فایزە لە لێدوانێکی نوێی رۆژنامەڤانیدا، باسی رەتکردنەوەی ریال مەدرید لەلایەن کیلیان ئێمباپێیەوە لە ساڵی 2022 کرد، کە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێکردەوە.
 
دایکی ئێمباپێ، گوتی "ریال مەدرید ویستی لە ساڵی 2022 ئێمباپێ بباتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەڵام یاریزانەکە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەڵبژارد".
 
ریال مەدرید بە گواستنەوەیەکی بێ بەرامبەر بۆ ماوەی پێنج ساڵ گرێبەستی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ واژۆکرد و لە ئاهانگێکی گەورە و مێژوویدا لەنێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ وەک یاریزانێکی نوێی مێرینگێ ناسێندرا.
 
فایزە عەماری، دووپاتیکردەوە کە ئێمباپێ پەشیمان نییە لەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەردەوامبوونی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەڵبژاردووە و ریال مەدریدی رەتکردووەتەوە.
 
دایکی ئەستێرە نوێیەکەی ریال مەدرید، زیاتر گوتی "ئایا من بەداخەوەم بۆ ئەوەی کە کیلیان لە ساڵی 2022 لە پاریس ماوەتەوە؟ نەخێر، نابێت. کاتێک لە پاریس لەدایک دەبیت و لەوێ گەورە دەبیت، دەبێت لە پارک دی پرێنس یاری بکەیت. کیلیان هەرگیز درۆی نەکردووە. هەمیشە بە سەرۆکی یانەکەی دەگوت رۆژێک دەچێتە ریال مەدرید. کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام من پەشیمان نیم با ئەو هەستە جوانانە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە کیلیان ئەوکات هەیبوو، بەدڵنیاییەوە ئەمە راستییە".
 
سەبارەت بە خەونی ئێمباپێ بۆ یاریکردن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، فایزە ئاماژەی بەوەکرد "پێموایە هەر بۆیە من رۆژی سێشەممە گریام، کیلیان خەونەکەی کردە راستی و هەمیشە هەوڵیدەدا بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەی. سێشەممە تەنیا خۆی خۆشحاڵ نەبوو، بەڵکو هەموومان و هەموو هاوڕێکانی، و هەموو ئەو کەسانەی لە منداڵێتیدا دەیانناسی، بە یەکدییان دەگوت: واو، ئەو خەونەکەی کردە راستی، بە خەونەکەی گەیشت".
 
دایکی کیلیان ئێمباپێ، روونیشیکردەوە "بەڵێ، ئێمباپێ باسی لە ریال مەدرید کرد، ئەو تەمەنی 5 ساڵ بوو، پێموابوو شێتە (پێدەکەنێت). هەموو ئەو کەسانەی پێیان سەرسام بوو لەوێ بوون و ئەویش ویستی لاسایی ئەوان بکاتەوە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا خەونی بینی. ئەوەی من لەبارەیەوە دەزانم ئەوەیە، لە تەمەنی 25 ساڵیدا، هێشتا خەون دەبینێت. لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە ئەو گرنگی پێنادات، لەبەرئەوەی پێشتر هەموو شتێکی بەدەستهێناوە. بەڵام وانییە. من ناڵێم بە چوون بۆ مەدرید خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام شوێنی ئاسوودەیی خۆی بەجێدەهێڵێت. پێموایە منیش پێویستم بە ئاڵنگارییەکی دیکە بوو".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە