لیۆ هێڵی سوورە.. جێگری وەزیرێک لەسەر مێسی دەرکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی خولیۆ گارۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جێگری وەزیری وەرزش لە ئەرجەنتین، کێشەیەکی گەورەی لە ئەرجەنتین ناوەتەوە و حکومەتی ئەو وڵاتەش ئەو بەرپرسە دەردەکات، چونکە پێیوایە لە بەرامبەر لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و ئەفسانەی ئەرجەنتیندا سنوورەکانی بەزاندووە.
 
خولیۆ گارۆ، جێگری وەزیری وەرزشیی ئەرجەنتین، لە لێدوانێکدا، رایگەیاند "دەبێت کاپتنی هەڵبژاردەکەمان، لیۆنێل مێسی بێتە دەرەوە و داوایلێبوردن بکات بۆ ئەو شێوازەی  یاریزانانی هەڵبژاردەکەمان ئاهەنگیان پێ گێڕا. بەهەمانشێوە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتینیش دەبێت داوایلێبوردن بکات، چونکە ئەو کارە دەمانخاتە دۆخێکی خراپەوە دوای ئەو هەموو شکۆمەندییە".
 
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نازناوی کۆپا ئەمریکای بۆ جاری دووەم بەسەریەکەوە بردەوە، کاتێک لە یاریی کۆتاییدا 1-0 لە کۆلۆمبیای بردەوە، هەندێک لە یاریزانانی ئەرجەنتین دروشمی رەگەزپەرستانەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا گووتەوە و وایان نیشاندا کە هەموو یاریزانانی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا رەشپێستن و خەڵکی ئەفریقان نەک فەرەنسا، واتا ئەفریقییەکانن یاری بۆ فەرەنسا دەکەن.
 
ئەو لێدوانەی جێگری وەزیری وەرزشیی ئەرجەنتین، بووە هۆکاری ئەوەی حکومەتی ئەرجەنتین بڕیاری دەرکردنی خولیۆ گارۆ لە حکومەتی وڵاتەکە دەربکات.
 
ئەم بۆچوونە هەموو ئەرجەنتینییەکان و تەنانەت خافیێر میلێی سەرۆکی وڵاتەکەشی تووڕەکرد، تەنانەت ئەو پرسەکەی گواستەوە بۆ لایەنی سیاسی، بەو پێیەی دووبارە تویتێکی لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی "X" بڵاوکردەوە، کە تێیدا نووسیویەتی "ئەو قسەیەی دەڵێت مێسی پێویستە داوایلێبوردن لە هەندێک لە کۆلۆنیالیزمە ئەوروپییەکان بکات، چونکە گۆرانییەکیان گوتووە کە راستییەکان دەگێڕێتەوە، بەتەواوی لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکەی ئێمەدا ناگونجێت".
 
پێشبینی دەکرێت، ئەم قسانەی سەرۆکی ئەرجەنتین، ناکۆکییەکی سیاسی لەنێوان هەردوو وڵاتی ئەرجەنتین و فەرەنسادا دروست بکات، کە بەدڵنیاییەوە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی بۆ ئەم قسانەی سەرۆکی ئەرجەنتین دەبێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە دواتر ئەم تویتە لەلایەن سەرۆکی ئەرجەنتینەوە سڕدرایەوە، و دووبارە تویتێکی دیکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو "ئەوەی دەربارەی مێسی گووترا بەتەواوی بێ رێزی بوو، خافیێر میلێ هەرگیز داوای شتێکی لەم شێوەیەی لە باشترین یاریزانی مێژووی جیهان نەدەکرد".
 
لای خۆیەوە گارۆ تویتێکی لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک داوای لە مێسی کردبێت داوایلێبوردن بکات و نووسیویەتی "من بەهیچ شێوەیەک ئەم کارەم نەکردووە و بەشێوەیەکی رەها رەتیدەکەمەوە ئەم کارەم کردبێت، ئەوە بێڕێزی دەبێت بەرامبەر بەو کەسانەی کە هەمیشە بە کولیتی خۆیان و کوالیتی وەرزشی خزمەتی ئێمە و وڵاتەکەمان دەکەن".
 
ئەم قەیرانە یانەکانیشی گرتووەتەوە و ئەو یاریزانە ئەرجەنتینیانەی کە بەشدارییان لەو ئاهەنگانەدا کردبوو، لەلایەن یانەکانیانەوە هەڕەشەی دەرکردن و سزادانیان لێدەکرێت، بەتایبەتی ئینزۆ فێرناندێز، یاریزانی یانەی چێڵسیی ئینگلیزی، کە ئەو یانە لەندەنییە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا پشتڕاستیکردەوە کە بەهۆی دروشمی رەگەزپەرستییەوە ئینزۆ سزا دەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە