ڤیدیۆ؛ پاڵەوانی ویمبڵدۆن بە تاکسی گەڕایەوە زێدی خۆی

رووداو دیجیتاڵ

پاڵەوانی نوێی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی ویمبڵدۆن، کارلۆس ئەلکارازی تێنسزانی، بە تاکسی گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە شاری مورسیا، دوای ئەوەی ئێوارەی یەکشەممە لە یاریی کۆتاییدا لە نۆڤاک جۆکۆڤیچی سربیی بردەوە.
 
ئەلکاراز کە تەمەنی تەنیا 20 ساڵە، سەرنجی هەموو دونیای بەلای خۆیدا راکێشاوە، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەنێو یاریگەکانی تێنسدا نیشانی دەدات، بەتایبەتیش کە پلەی یەکەمی ریزبەندیی باشترین تێنسزانانی جیهانی بەدەستهێنا و دواتریش توانی نازناوی پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی ویمبڵدن بباتەوە، کاتێک یاریی کۆتایی بە 3 کۆمەڵە بەرامبەر دوو کۆمەڵە لە جۆکۆڤیچ بردەوە.
 
کاتێک ئەلکاراز نازناوی ویمبڵدنی بردەوە خەڵکی زێدی خۆی رژانە سەر شەقام و ئاهەنگیان بۆ کوڕی شارەکەیان گێڕا و دووپاتیان کردەوە کە ئەلکاراز گەورەترین شانازی ئەوانە.
 
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەلکاراز سەرەڕای ئەوەی نێوبانگێکی گەورەی بەدەستیهێناوە و پارەیەکی زۆریشی دەستدەکەوێت، بە تاکسی گەڕایەوە مورسیا.
 
ئالکاراز لە لایەن خەڵکی زێدی خۆیەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و تێنسزانی یەکەمی جیهانیش خۆشحاڵی خۆی بەو خۆشەویستییە دەربڕی، کە خەڵکی مورسیا بۆ ئەو هەیانە.