مانچێستەر سیتی دەستەوارەیەکی سعودیەی رەتکردەوە

18-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی، دەستەوارەیەکی یانەی ئەهلی سعودیی بۆ گواستنەوەی ریاز مەحرز، ئەستێرەی تۆپی پێی جەزائیر و یانەکەی رەتکردەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی ئەهلی سعودی بۆ بەهێزکردنی تیپەکەی ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی ریاز مەحرز دەدات و شەوی رابردوو دەستەوارەیەکی بەرامبەر 18 ملیۆن پاوەند، لەگەڵ 5 ملیۆن پاوەند وەک گۆڕانکاری پێشکێشی یانەی مانچێستەر سیتی کردووە، بەڵام هەر زوو یانە ئینگلیزییەکە دەستەوارەی یانە سعودییەکەی رەتکردووەتەوە.
 
مانچێستەر سیتی لە بنەڕەتدا نایەوێت دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، بەڵام ریاز مەحرز خۆی داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە گفتوگۆ لەگەڵ یانە سعودییەکە بکەن، بۆیە مانچێستەر سیتی بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە داوای 30 ملیۆن پاوەند دەکات.
 
یانەی ئەهلی دوای گەڕانەوەی بۆ خولی رۆشنی سعودی، دەیەوێت لە وەرزی نوێدا لە خولەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوێت، یانەکە تاوەکو ئێستا دوو گرێبەستی گەورەی واژۆکردووە و هەریەکە لە ئیدوارد مێندی، گۆڵپارێزی سەنیگالی و رۆبێرتۆ فیرمینۆ، هێرشبەری بەرازیلی و پێشووی یانەی لیڤەرپوولی بردووەتە ریزەکانی.
 
ئەهلی لە کاتێکدا کار بۆ گواستنەوەی ریاز مەحرز دەکات، تاوەکو ئێستا یانەکە راهێنەری نوێی دەستنیشاننەکردووە و دیارنییە کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەکە.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە