رۆناڵدۆ و واندا نارا بەنیازی سوپرایزن

راپۆرتێکی رۆژنامەیەکی فەرەنسی باسی ئاڵوگۆڕپێکردنی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستیرەی یانەی یوڤێنتوس و ماورۆ ئیکاردی هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکات.

تاوەکو ئێستا رۆناڵدۆ نەگەڕاوەتەوە شاری تۆرینیۆ، بۆ بەشداریکردن لە مەشق و ئامادەکارییەکانی یوڤێنتوس بۆ وەرزی نوێی خول و پاڵەوانێتییەکان، هێشتا پشووی هاوینە بەسەر دەبات، تاوەکو 25ی ئەم مانگە ناگەڕێتەوە شاری تۆرینۆ.

بەگوێرەی رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی: "یوڤێنتوس دەیەوێت خۆی لە پێدانی مووچەی زۆری رۆناڵدۆ رزگار بکات و ئاڵوگۆڕی پێبکەن لەگەڵ ماورۆ ئیکاردی لە ماوەی مێرکاتۆی هاوینەدا، چونکە ئیکاردی لە پاریس هەست بە ئاسوودەیی ناکات و راهێنەر وەکو یاریزانی سەرەکی پشت بە تواناکانی نابەستێت".

هەروەها رۆژنامەکە نووسیویەتی: "ئەمە جاری یەکەم نییە کە ناوی ئیکاردی بە یانەی یوڤێنتوسەوە دەبەسترێتەوە، کە یوڤی بۆ بەهێزکردنی توانای هێڵی هێرشبەری چاوی بڕیوەتە تواناکانی هێرشبەرە تەمەن 28 ساڵییەکەی ئەرجەنتین".

واندا نارا، هاوژین و بریکاری جێبەجێکاری ئیکاردی، ئاماژەی بە ئەگەری پەیوەندیکردنی ئیکاردی بە یانە ئیتاڵییەکەوە کردووە، لە تویتێکدا دەڵێت: "بەپەرۆشم ئەوەی بۆ ئەو هیوایەی ئەمساڵ لەگەڵ خۆی دەیهێنێت". لەگەڵ ئەم نووسینە وێنەیەکی خۆی و ئیکاردی داناوە کە درێسێکیان لەبەردایە کە رەنگی زێبرایە، وەکو ئاماژەیەک کە دیزاین و رەنگی درێسەکە لەوەی یوڤێنتوس دەچێت. ئەمە لەکاتێکدا واندا نارا نەیشاردووەتەوە کە حەز بەوە دەکات بگەڕێتەوە ئیتاڵیا.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ئینستاگرام نووسیویەتی: "رۆژی بڕیار"، دیار نییە مەبەستی چ بڕیارێکە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی پشووەکەی رۆناڵدۆ، چارەنووسی بە مانەوە، یان رۆیشتن یەکلایی ببێتەوە".