کڵۆپ: ناچینە مێرکاتۆ و کەسمان ناوێت

یۆرگن کڵۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپول تەئکیدە دەکاتەوە کە یانەکەی لە خەرجکردنی پارە، ناتوانێ کێبڕکێی مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمان بکات لە مێرکاتۆدا.

 تۆڕی هەواڵیی سکای سپۆرت بڵاویکردەوە "پێپ گواردیۆلا لە ماوەی 2 ساڵدا 500 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی یاریزان لە مێرکاتۆ خەرج کردووە، بەڵام کڵۆپ لە هەمان ماوەدا 300 ملیۆن پاوەندی خەرج کردووە".

لە مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵدا لیڤەرپوول تەنیا گرێبەستی لەگەڵ یاریزانێکی هۆڵەندی بەناوی ڤاندەربریگ واژۆ کردووە و کڵۆپ بە سکای گوتووە "پێشبینی ناکەم ئەم هاوینە گرێبەستی گەورە ئەنجام بدەین، چونکە دوو ساڵی رابردوو لە مێرکاتۆ گرێبەستی زۆرمان ئەنجامدا، ناشکرێت هەموو ساڵێک بەردەوام بین لە گرێبەستی گەورە، پێشبینی ناکەم لیڤەر بەنیازی هەوڵی لەم چەشنە بێت بۆ وەرزی داهاتوو".

راهێنەرە ئەڵمانییەکە زیاتر گوتی "هاندەران هەمیشە داوامان لێ دەکەن لە بازاڕی گواستنەوە ساڵانە 200 بۆ 300 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی یاریزانان خەرخ بکەین، بەڵام پێموایە ئەوە لە توانای بارسێلۆنا و ریال مەدریدە کە ئەو بڕە پارە زۆرە لە مێرکاتۆ خەرج بکەن، هەروەها ئەو بەخەرجدانی پارەیە لە مێرکاتۆ بە پاریس و مان سیتی دەکرێت".

کڵۆپ دەشڵێت "ئێمە لە دۆخێکی باشداین، من بە توانا و کاستی تیپەکەم دڵخۆشم، هەر بەڕاستی ئێمە پێکەوە زۆر دڵخۆشین".

هەروەها روونیشیکردەوە "پێشبینی دەکەم ئەگەر پێویست بکات گرێبەست لەگەڵ یەک یاریزانی دیکە واژۆ دەکەین، ئێمە خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی ئاستبەرزین، لە هەموو شوێنەکانی یاریکردن یاریزانی پێویست و ئاستبەرزمان هەیە". 

لە ماوەی رابردوودا یۆرگن کڵۆپ رەخنەی زۆری لە گرێبەستە گرانبەهاکانی مانچێستەر سیتی گرت، بەڵام دواتر یانەکەی گرانترین بەرگریکار و گرانترین گۆڵپارێزی لە مێژووی مێرکاتۆی بۆ ریزەکانی گواستەوە، ئێستاش ئەلیسۆنی گۆڵچیی یانەکە لەدوای کێپا ئەرزبالاگا، دووەم گرانترین گرێبەستی گۆڵپارێزە لە مێژووی بازاڕی گواستنەوەدا.