سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەستگیرکرا

18-07-2017
رۆژان عەبدلرەحمان
نیشانەکردن ئیسپانیا
A+ A-
رووداو-هەولێر 
ئەنخێل ماریا ڤیار، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن دەستگیرکرا.

دوای ئەوەی پۆلیسی ئیسپانیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمجامیاندا، هەڵیان کووتایە سەر ماڵی ڤیاری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و  دەستگیریانکرد، دواتر پۆلیس ماڵەکەیان پشکنی و پێدەچێت چەند بەڵگەنامەیەکیشیان دەستکەوتبێت.

سانتیاگۆ پێدرێز دادوەری ئیسپانیا رایگەیاند، ماوەی ساڵێکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە گەندەڵییەکانی سەرۆکی فێدراسیۆنی ئیسپانی و چەند کەسێکی دیکە لە ئەنجامدا بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل و ساختەکردنی بەڵگەنامە دەستگیرکراون.

تاوەکو ئێستا و بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە کە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا چەند دۆسیەی دیکەشی لەسەرە، وەک دەستوەردانە نێو کاروباری یانەکان و هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا، جگە لەوەش بەشێکی ئەم دۆسیانە پەیوەندی بەو گەندەڵییانەوە هەیە کە فیفای گرتبووەوە، چونکە ڤیار پێشتر ئەندامی فیفا بووە و بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ جێگری یەکەمی فیفا بووە، ماوەی چەند ساڵێکیش لە یۆفادا کارەکانی سەرۆکی رادەپەڕاند و وەک جێگر کاری دەکرد.

ڤیار لە ساڵی 1988 ـەوە بووەتە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و تاوەکو ئێستاش لەسەر کارەکەی بەردەوامە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە