دانی سیبایۆس بناسه‌

18-07-2017
هەرێز جەمال
نیشانەکردن گواستنەوە
A+ A-


ئا: رووداوی وه‌رزشی

دوای گرێبه‌ستكردنی له‌گه‌ڵ دانی سیبایۆس، پێگه‌ی فه‌رمی ریال مه‌دریدی ئیسپانی رایگه‌یاند، رۆژی پێنجشه‌مه‌ی داهاتوو 20/7/2017، ئه‌و یاریزانه‌ پێشه‌كه‌شی جه‌ماوه‌ر و راگه‌یاندنه‌كان ده‌كرێت، پاشان رۆژی دواتر ده‌چێته‌ ریزی یاریزانانی تیپه‌كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌. 
دانی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌یه‌، كه‌ له‌م راپۆرته‌دا ده‌خه‌ینه‌ڕوو.

شێوازی یاریكردن
ئه‌گه‌ر یاریزانانی هێڵی ناوه‌ڕاستی ئیسپانیت خۆشده‌وێ، له‌ نموونه‌ی چاڤی هێرناندێز، ئیسكۆ و چاپی ئه‌لۆنسۆ، تۆ له‌به‌رامبه‌ر یاریزانێكی، كه‌ وه‌ك ئه‌وان زیره‌ك و به‌هره‌مه‌نده‌، به‌رده‌وام له‌سه‌ر وه‌رگرتنی تۆپ، ناردنی بۆ پێش گۆڵ و شه‌ڕكردن له‌پێناوی بردنه‌وه‌ موكڕه‌. زێده‌باره‌ی ئه‌وانه‌، له‌ راكردندا زۆر خێرایه‌ و به‌ درێژایی 90 خوله‌كدا، له‌راكردن هیلاك نابێت، له‌ كۆتایی یارییه‌كاندا نایبینی له‌به‌ر راكردن هیلاك بووبێت، به‌ڵكو راده‌كات و ده‌جه‌نگێت، بۆ ئه‌مه‌ش خاوه‌نی خێرایی و هێزی پێویسته‌. هه‌روه‌ها له‌رووی به‌رگریكردن و هێرشبردنه‌وه‌، یاریزانێكی هاوسه‌نگه‌، به‌باشی له‌ ئه‌ركی له‌سه‌ر یاریگه‌ ده‌گات، پشتیوانی له‌ هێڵی ناوه‌ڕاست ده‌كات و فشار ده‌خاته‌ سه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی تۆپی لێوه‌رگرێت، له‌وانه‌یه‌ هه‌مان دیدی ماركۆ ئه‌سینسیۆی نه‌بێت، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ به‌هره‌یه‌ی هه‌یه‌، تاوه‌كو لێوه‌شاوه‌ بێت و ببێته‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین به‌هره‌مه‌نده‌كانی ئیسپانیا له‌ هێڵی ناوه‌ڕاستدا، له‌دوای چاڤی و ئینیێستا.

ئاماره‌كانی
دانی ته‌مه‌ن 20 ساڵان، له‌ وه‌رزی رابردوودا، له‌ كۆی 116 یاریپێكردندا 79 یاریپێكردنی سه‌ركه‌وتوو بوو، 50 هه‌ڵه‌ی كردووه‌و 116 هه‌ڵه‌شی له‌دژ كراوه‌، 67 جار به‌ری له‌ تۆپ گرتووه‌ له‌ كۆی 182 جاردا، 12 تۆپی ئاسمانی له‌ كۆی 29 بردووه‌ته‌وه‌، 38 ده‌رفه‌تی ترسناكی ره‌خساندووه‌، كه‌ دووانیان بوونه‌ته‌ گۆڵ، دیقه‌تی شووتلێدانی به‌ %50 مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ و دیقه‌تی پاسه‌كانیشی به‌ %81 مه‌زنده‌ ده‌كرێ.

ئای له‌و به‌هره‌مه‌نده‌!
"ئای له‌و به‌هره‌مه‌نده‌". "كێیه‌ ئه‌و یاریزانه‌ی دره‌وشاوه‌ترین هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیای خوار 21 ساڵی له‌ كۆڵ كردووه‌؟"."ئایا بینیتان ئه‌و یاریزانه‌ی ناوه‌ڕاستی لارۆخیتا چی ده‌كرد؟" چۆنه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ لیگا ناوبانگی ده‌رنه‌كردووه‌؟".. ئه‌و كۆمێنتانه‌و زیاتریشی له‌ نموونه‌ی ئه‌وه‌، له‌سه‌ر سیبایۆس تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان داگیركردووه‌. سیبایۆس یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین به‌هره‌كانی ئه‌مڕۆی خولی ئیسپانیا، هه‌رچه‌نده‌ زۆر كه‌س ناوی ناهێنن، كه‌چی هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی زووه‌وه‌ سه‌لماندوویه‌تی، خاوه‌ن توانایه‌كی گه‌وره‌یه‌و وایكردووه‌ ریال بیتیس گره‌وی له‌سه‌ر بكات.

منداڵێكی نه‌خۆش
هه‌رچه‌نده‌ به‌ منداڵی كێشه‌ی زۆری له‌ هه‌ناسه‌دان هه‌بوو، كه‌ وایكرد یانه‌ی سێڤییا له‌ ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا ده‌ستبه‌رداری بێت، ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێكی زێڕینی به‌ ڤێردی بلانكۆس به‌خشی، تاوه‌كو پڕی بداتێ و بیكاته‌ گرنگترین یاریزانی خۆی. له‌ هه‌مبه‌ردا، وه‌رزی رابردوو گرنگترین و باشترین وه‌رزی سیابیۆس بوو، هه‌رچه‌نده‌ باشترین وه‌رزی بیتیس نه‌بوو و له‌ پله‌ی 15 گیرسایه‌وه‌. سیبایۆس وه‌رزه‌كه‌ی به‌ هێواشی ده‌ستپێكرد، دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی شوێنێك له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بۆخۆی بگرێ، به‌ڵام دواتر شته‌كان به‌ته‌واوی گۆڕان، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی شوێنی خۆی له‌ لاباڵه‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕاست گۆڕی. 
دانی به‌ ماوه‌یه‌كی كورت، بووه‌ ئه‌و مێشكه‌ی كه‌ ریال بیتیس بیری پێده‌كرده‌وه‌، هه‌ندێ یاری وه‌ك پله‌ی مه‌یكه‌ری پێشكه‌وتوو ئه‌نجامدا، به‌ر له‌وه‌ی زیاتر بۆ دواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌و گه‌شه‌كردنی به‌رگریكردنی گه‌وره‌ بنوێنێ، كه‌ رێگه‌ی پێدا به‌ توانایه‌كی زۆره‌وه‌ ببێته‌ دابه‌شكه‌ری تۆپه‌كان. سیبایۆس به‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا، له‌ رێكخستنی شێوازی یاریكردن بووه‌ یاریزانێكی زۆر گرنگ، له‌ هێرشبردانیشدا رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه‌. 

خاڵی به‌هێزی
خاڵی به‌هێزی سیبایۆس به‌ روونی له‌ توانای تاكه‌كه‌سی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دووانه‌دا زۆر لێهاتووی كردووه‌، به‌مه‌ش توانیویه‌تی ژماره‌ی گه‌وره‌ له‌ یاریپێكردنی سه‌ركه‌وتوو تۆمار بكات، له‌  وه‌رزی رابردووا چواره‌م یاریزان بوو له‌ یاریپێكردنی سه‌ركه‌وتوودا، به‌ 80 یاریپێكردن، له‌دوای مێسی، نه‌یمار و مۆنیایین، هه‌روه‌ها له‌نێو یاریزانه‌كانی بیتسدا زۆرترین پاسی داوه‌، كه‌ 1389 پاسه‌، به‌ رێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی %81. دانی له‌و یاریزانانه‌یه‌، كه‌ كێشه‌ی وه‌ستانی له‌نێو هێڵه‌كاندا نییه‌، چونكه‌ له‌ژێر فشاریشدا تۆپ به‌باشی وه‌رده‌گرێت. له‌سه‌ر ئاستی به‌رگریكردنیشدا په‌ره‌ی زۆری سه‌ندووه‌، دوای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ 50 تۆپی پچڕاند له‌ وه‌رزی رابردوودا.  

لایه‌نی نه‌رێنی
دانی خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزی ده‌گمه‌ن نییه‌، له‌ زۆر بۆنه‌دا ده‌ركه‌وت، له‌ هه‌ڵسه‌وكه‌وتكردنی له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی یاریگه‌دا، هێشتا به‌باشی گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌، بۆیه‌ هه‌ندێجار تویتی مشتومڕهێنی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی داوای ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و یاریگه‌یه‌ی كردبوو، كه‌ یاری كۆتایی جامی شای له‌نێوان بارسێلۆنا و ئه‌تله‌تیك بلباوی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ فیكه‌لێدانی گاڵته‌جاڕیی زۆری له‌دژی مارشی نیشتمانیی ئیسپانی به‌خۆوه‌ بینی، بێجگه‌ له‌وه‌ی به‌ ئاسانی كۆنترۆڵی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تایبه‌تمه‌ندیه‌كی خه‌ڵكی ئه‌نده‌لوسه‌.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە