هاندەران گاڵتە بە قەڵەوترین یاریزانی یۆرۆ دەکەن

18-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مارتن ئادەم یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مارتن ئادەم، هێرشبەری هەڵبژاردەی هەنگاریا، وەڵامی ئەو گاڵتەجاڕییەی دایەوە کە لەلایەن فۆڵۆوەرسەکانی سۆشیال میدیاوە ئاراستەی کرابوون، دوای بەشداریکردنی لە یارییەکەی لەگەڵ سویسرا، کە بەشێوەیەکی قەڵەو دەرکەوت.
 
هەڵبژاردەی هەنگاریا لە گەڕی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەمی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024ـدا، بە ئەنجامی 1-3 بە سویسرا دۆڕا.
 
لە خولەکی 79ـی یارییەکەدا مارتن ئادەم لە شوێنی میلۆس کێرکێز وەک یاریزانی یەدەگ بۆ هەڵبژاردەی هەنگاریا یاریی کرد.
 
ئەو یاریزانە تەمەن 29 ساڵە، کێشی 86 کیلۆگرامە و قەڵەوترین یاریزانی یۆرۆی 2024ـە. کێشی زۆری ئەو یاریزانە لە سۆشیاڵ میدیادا لێدوانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
ئادەم کە نازناوی "ڤایکینگی هەنگاری"ـی لێنراوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای هەڵبژاردەی نیشتمانی، سەبارەت بەو پۆستانەی کە گاڵتەیان بەشێوەی جەستەی کردووە، گوتی "بێگومان من یەک دوو پۆستم بینی، کە بەزۆری پێیان پێدەکەنم. من بەم شێوەیە لەدایکبووم، ئەمە شێوەی جەستەمە. من ناڵێم ئەوەندە گەورە بووم، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە زانستی بۆماوەییەوە هەیە و ناتوانم بیگۆڕم".
 
ئادەم لە ساڵی 2012 دەستی بە کاروانی پیشەگەری کردووە، لە خولی پلە دووی  هەنگاریا لەگەڵ یانەی ڤاساس، لە وەرزی یەکەمیشدا خاوەنی ژمارە 9 رۆڵی لاوەکی لەگەڵ تیپەکەیدا بینی، زۆربەی کاتەکانی لەسەر کورسی یەدەگ بەسەردەبرد.
 
دواتر ئادەم لە 153 یارییدا لەگەڵ یانەکەی پایتەخت، بوداپێست بەشداری کرد و 31 گۆڵی تۆمارکرد و 22 ئەسیستی هەبوو، ئەمەش وایکرد لە مانگی یەکی ساڵی 2019 بچێتە یانەی کاپۆسڤار، بەڵام لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا هێرشبەرە سەرەکییەکە ئاستێکی بەرزی پێشکێس نەکرد و 14 گۆڵی تۆمارکرد لە 46 یارییدا.
 
دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 پەیوەندی بە یانەی پاکسییەوە کرد، ئادەم درەوشایەوە و لە 66 یاریدا 44 بەشداریی گۆڵی هەبوو (39 گۆڵ و 5 ئەسیست). هەروەها خەڵاتی گۆڵکاری خولی هەنگاریای بۆ وەرزی 2021-2022ـی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی توانی 31 گۆڵ بۆ یانەکەی تۆماربکات، پێش ئەوەی لە هاوینی 2022 بەرەو یانەی ئولسانی کۆریای باشوور بڕوات، کە تاوەکو ئێستا یاری بۆ دەکات.
 
وەرزی رابردوو مارتن ئادەم لە 20 یارییدا 8 گۆڵی بۆ ئولسان تۆمارکرد، لەنێویاندا 5 گۆڵ لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بوون.
 
مارتن ئادەم یەکەم یاریی نێودەوڵەتی خۆی لە 24ـی ئاداری 2022 ئەنجامداوە، کە یارییەکی دۆستانە بوو بەرامبەر سڕبیا. ئەو لە 21 یارییدا 3 گۆڵی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی هەنگاریا تۆمارکردووە.
 
هاندەرانی هەنگاریا هیوادارن ئەو یاریزانە بتوانێت ژمارەی گۆڵەکانی بەرزبکاتەوە لە  یارییەکەی داهاتوو کە بڕیارە چوارشەممەی بەرامبەر ئەڵمانیا ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا هەنگاریا هەوڵدەدات بۆ یەکەمجار لە دوای یۆرۆی 2016ـەوە سەرکەوێت بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە