سەمای "پێشکۆتایی".. دەرفەتێک بۆ سڕینەوەی فرمێسکەکانی رۆناڵدۆ

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـدا دەست بە کاروانی مێژوویی خۆی دەکات، کاتێک هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر هاوتا چیکییەکەی یاری دەکات.
 
ئەو کێبڕکێیەی کە رۆناڵدۆ بۆ جاری شەشەمە لە مێژوودا بەشداری تێدا دەکات، دەبێتە ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ ئەو یاریزانە، کە تاکە کەسە بەشداری لە 6 یۆرۆدا بکات.
 
جگە لەوەش ئەم پاڵەوانێتییە دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە بۆ سڕینەوەی ئەو فرمێسکانەی کە لە ساڵانی رابردوودا لە چاوەکانی رژاون، جا لەگەڵ خودی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بێت یان لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی.
 
رۆناڵدۆ لە دوایین یۆرۆدا ئازاری چەشت، دواتر ئازارەکان لەسەر ئاستێکی گەورەتر لە مۆندیالدا دووبارە بوونەوە دوای شکستەکەیان بەرامبەر مەغریب، هەروەها دوای دەرچوونی بەبێ پاڵەوانێتی لەگەڵ یانەی نەسڕ لە وەرزی دووەمیدا زیاتر و زیاتر فرمێسکی باراند.
 
بحیە ئەگەری هەیە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 لە ئەڵمانیا ببێتە سەرەتای رێگایەک بۆ سڕینەوەی فرمێسکی ئەستێرە پورتوگالییەکە، کە لەوانەیە سەمای پێشکۆتایی  خۆی ئەنجام بدات، چونکە هەندێک راپۆرت پێشبینی دەکەن لە مۆندیالی داهاتووی 2026ـدا بەشداری بکات، و هۆکارەکانی ئەوەش بەمشێوەیەن:
 
شاراوە نییە کە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەهۆی بەشداریکردنی 24 تیپ، بووە بە پاڵەوانێتییەکی زۆر ئاسانتر لە پێشوو، بەتایبەتی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەئاسانی سوود لەوە وەردەگرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە کۆمەڵەیەکی ئاساندایە، و بەرامبەر هەڵبژاردەکانی تورکیا، جۆرجیا و کۆماری چیک یاری دەکات و هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە باشترینیان دادەنرێت.
 
یاریکردن لەو کۆمەڵەیەدا دەرفەتێکی راستەوخۆ دەداتە رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی بۆ ئەوەی بە پلەی یەکەم سەربکەون بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە، لەبەر رۆشنایی ئەو ئاستە لاوازەی کە لە ساڵانی رابردوودا لەلایەن ئەو هەڵبژاردانەی رکابەری پۆرتوگالن پێشکێشیان کردووە، سەرەڕای گەیشتنیان بە یۆرۆ.
 
رێگایەکی ئاسان
 
یەکەمبوون لەم کۆمەڵە ئاسانەی باسمان کرد، رێگایەکی ئاسان دەداتە پۆرتوگال بۆ قۆناخی 16ـی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، کە تێیدا رووبەڕووی یەکێک لە رکابەرە لە خۆی ئاست نزمتر دەبێتەوە.
 
ئێمە باسی هەڵبژاردەکانی وەک هەنگاریا، ئەلبانیا، پۆڵەندا و سلۆڤینیا و ئەوانی دیکە دەکەین کە پێشبینی دەکرێت پلەی سێیەمی کۆمەڵەکانیان بەدەستدێنن، جگە لە سێیەمی کۆمەڵەی پێنجەم.
 
سەرکەوتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بۆ قۆناخی 16 بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی، راستەوخۆ دەیخاتە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاسان لە قۆناخی 16 و لە ئەنجامدا لەوانەیە لە قۆناخی هەشتەمیش ئاسان بێت، بەڵام ئەوە پەیوەستە بەو ناوانەی دیکە کە لە کۆمەڵەکانیاندا سەردەکەون.
 
کەمێک کۆشش واتا گەیشتن بە پێشکۆتایی 
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە کەمترین ئاستی باش لەم پاڵەوانێتییەدا دەتوانێت لانیکەم بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، کە لەوانەیە لەوێ یەکەم یاریی قورسی بکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی ئەوەی پێویستە هەیانە، بۆ ئەوەی تەنانەت بگەنە یاریی کۆتایی و نازناوەکەش ببەنەوە، هەرچەندە زۆر کەس لئەوان بە بەربژێر دانانێن بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
 
بەڵام لە کۆتاییدا تەنیا بوونی رۆناڵدۆ بەسە بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە دیارترین بەربژێرانی بەدەستهێنانی نازناوەکە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستە بەرزەی کە وەرزی رابردوو لەگەڵ نەسڕ پێشکێشی کرد، هەروەها بوونی بێرناردۆ سیلڤا و برۆنۆ فێرنانێدز و زۆر ناوی دیکە کە یاریزانی ناسراو و ئاستبەرزن لەگەڵ یانەکانیان.