ڤیدیۆ؛ یۆرۆ بۆ گۆڵکاری مێژوو دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ بەشێکی گەورەی جیهان، ئەمڕۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 دەستپێدەکەن، ئێستا کاتی دەرکەوتنی پاشایە، کاتی دەرکەوتنی گۆڵکاری مێژووی پاڵەوانێتییەکەیە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی هەیە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە پۆرتوگال دوای ئامادەکارییەکی چەند رۆژە لە مارینفیڵد، 400 کیلۆمەتری بە فڕۆکە بڕی و گەیشتە لایپزیگ، دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا و ئێستا بۆ یەکەم یاریی یۆرۆی 2024 ئامادەیە، هەڵبژاردەکە بەرامبەر سلۆڤاکیا یاریی دەکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە، کاپتن و گۆڵکاری مێژووی هەڵبژاردەکان و پاڵەوانێتییەکە، ئەمڕۆ مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە و دەبێتە یەکەم یاریزان بۆ جاری شەشەم بەشداری لە یۆرۆدا بکات.
 
دۆن 20 ساڵە لە یۆرۆدا بەردەوامە، دەیەوێت بەر لەوەی بڕیاری ماڵئاواییکردنی یەکجاری لە یاریگەکاندا بدات، سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی بکات، بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکەی کیشوەری.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەڵێت " دەبێت دان بەوەدابنێم، کریستیانۆ بەشێوەیەکی شایستە لە هەڵبژاردەی نیشتمانییە، هیچ کەسێک بەهۆی ناوەکەیە بانگهێشتی هەڵبژاردەکە ناکرێت، ئەو لە 50 یارییدا 51 گۆڵی کردووە، لەگەڵ یانەکە لە خولدا ئاستێکی بەرزی هەبووە و لە پاڵاوتنەکانیشدا بۆ ئێمە 9 گۆڵی تۆمارکردووە، یاریزانێکە دەتوانێت مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ دوایین بەرکەوتنەکان بکات، هێڵی بەرگری بەرامبەر بڵاوبکاتەوە و رووبەرەکان بکاتەوە، راستە هەندێک شێوازی یاریکردنی گۆڕی، بەڵام بەشایستەییەوە لە هەڵبژاردەکەیە و ئامارەکان پاڵپشتیی دەکەن."
 
هەڵبژاردەی چیک لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ دەچێتە نێو رکابەرییەکانی یۆرۆدا، یاریی ئەمڕۆیان بەرامبەر پۆرتوگال، یەکەم یاریی فەرمی هەڵبژاردەکە دەبێت لەژێر سەرپەرشتی ئیڤان هاشیک، لەکاتێکدا لە سەرەتای ئەمساڵ بووەتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
 
هاشیک لە چوار یاریی دۆستانەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەیەوێت ئەنجامە ئەرێنییەکانی قۆناخی ئامادەکاری بباتە نێو یارییە فەرمییەکان، هەرچەند لەوە تێدەگات ئاسان نییە.
 
ئیڤان هاشیک، راهێنەری هەڵبژاردەی چیک بەر لە یارییەکە گوتی "هەموو توانای رۆناڵدۆ دەزانین، بەتایبەت کاتێک رووبەڕی پێدەدەیت، ئەگەر لەنێو ناوچەی سزابێت گۆڵ دەکات، دەزانین ناتوانین کەمترین شوێنی پێبدەین لەنێو ناوچەی سزا، پێویستە بەرگریکردنمان بەرامبەری دوو هێندە لێبکەین، چونکە دەزانین ئەو گەورەیە، ئەمە ئامانجی ئێمەیە کە رێگری لێبکەین، بەڵام پێویستە کۆی تیپەکەش رابگرین."
 
چیک لە مێژوودا 5 یاریی بەرامبەر پۆرتوگال ئەنجامداوە، ئەوان تەنیا لە 1996 سەرکەوتنێکیان بەدەستهێناوە و 4 یارییەکەی دیکەیان بەرامبەر تیپەکەی کریستیانۆ دۆڕاندووە.