خەریکە بارسێلۆنا هەلە گەورەکە لەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی نزیکە هەلێکی دیکەی گەورە لەدەستبدات و ئەستێرەیەکی دیکەی لەدەستبچێت، دوای ئەوەی نەیتوانی لیۆنێل مێسی بگەڕێنێتەوە.
 
ماوەیەکی زۆرە ناوی ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی بە یانەی بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەکە تەنیا قسەیە و یانە کەتەلۆنییەکە هیچ هەنگاوێکی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە نەناوە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی و نزیک لە یانەی بارسێلۆنا نووسیوویەتی "گوندۆگان لە ئاهەنگی بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگدا گوتبووی کە دەیەوێت بچێتە بارسێلۆنا، بەڵام بارسێلۆنا هیچ دەستەوارەیەکی پێشکێش نەکردووە، بۆیە ئەگەری هەیە لە مانچێستەر سیتی بمێنمەوە یانیش بچێتە هیلال."
 
گرێبەستی گوندۆگان لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی کۆتاییدێت، یاریزانەکە ناوی لە لیستی سەرەتایی یانەکەدا نییە بۆ وەرزی نوێ، چونکە هێشتا بەتەواوی داهاتووی روون نییە.
 
پێشتر پێپ گواردیۆلا خۆشەویستیی خۆی بۆ یاریزانەکە دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندبوو کە دەیەوێت ئیلکای لە یانەکە بمێنێتەوە، بەتایبەت کە لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و سێ نازناوی لەگەڵ یانەکە بردەوە.
 
بەپێی هەواڵەکەی سپۆرت "گوندۆگان بە هاوڕێ نزیکەکانی گوتووە، چوونی بۆ بارسێلۆنا زەحمەتە، چونکە بارسا دەستەوارەی پێشکێش نەکردووە و بارودۆخی ئابووریی خراپە."
 
جگە لە یانەی بارسێلۆنا، هەردوو یانەی هیلال و ئیتیحادی سعودی رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەستێرە ئەڵمانییەکەی مانچێستەر سیتی دەکەن.