هازارد گاڵتە بە ریال مەدرید دەکات

18-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێدین هازارد ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێدین هازارد، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی بەلجیکا، لەنێو یاریگای کینگ باودۆین لە برۆکسل، لەسەر ریتمی مۆسیقای ئەلیکترۆنی، ماڵئاوایی لە تیپەکە کرد و بۆ یەکجاری وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا.
 
هاندەران هاواریان بۆ ئەو یاریزانە دەکرد، کە پێشەنگی نەوەی زێڕینی هەڵبژاردەی بەلجیکا بوو و بڕیاریدا لە تەمەنی 32 ساڵیدا واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت.
 
دوای یەکسانبوونی بەلجیکا لەگەڵ نەمسا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 هازارد بە هاندەرانی گوت "سوپاس، سوپاس، سوپاس". لە کاتێکدا مۆسیقای freed from desire دەنگی لەنێو یاریگەدا دەدایەوە.
 
بەرنامەی ماڵئاواییکردنەکە بریتی بوو لەوەی هازارد 33 تۆپ بەرەو پەیژەکانی یاریگاکە بهاوێژێت، بە رێژەی یەک تۆپ بۆ هەر گۆڵێک کە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆماریکردوون لە 126 یارییدا، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2022.
 
سەرەڕای درەوشاوەیی یاریزانەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی و یانەی لیلی فەرەنسی و چێڵسی ئینگلیزی، بەڵام بەهۆی پێکانەوە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئەستێرایەتی خۆی لەدەستدا
 
دوای یارییەکە و چالاکییەکانی رێزلێنان، یاریزانەکە لە هەڤپەیڤینێکدا دەرکەوت و تێیدا دووپاتیکردەوە کە هیشتا لە دۆخێکی جەستەییدایە کە رێگەی پێدەدات لەسەر ئاستی یانەکان بەردەوام بێت لە یاریکردن. بەڵام ئەو یاریزانە ئاشکرای نەکرد کە دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە داهاتوودا چی روودەدات.
 
هازارد بە گاڵتەجاڕییەوە سەبارەت بە پێکان و ئامادەنەبوونی بەردەوامی لە دوو ساڵی رابردوودا، گوتی "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆر پشووم داوە، هەر بۆیە وزەیەکی زۆرم هەیە". مەبەستی ئامادەنەبوونی لە بەشداریکردن لەگەڵ یانەکەی پێشووی ریال مەدرید.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "لە چەند رۆژی رابردوودا زۆرم لەسەر خۆم خوێندووەتەوە، زۆر قسەی بێمانا، دڵنیاتان دەکەمەوە کە هێشتا توانای ئەوەم هەیە ببمە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ، جەستەم دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵ بکات".
 
لە کۆتاییدا گوتیشی "دوای ئەم ساڵە سەختانە، تەنیا دەمەوێت کات لەگەڵ خێزانەکەم بەسەربەرم و وەک هەموو کەسێک بچمە پشوو".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە