سەرۆکی لالیگا: خۆزگەم دەخواست مێسی بگەڕێتەوە خولەکەمان

رووداو دیجیتاڵ

 

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی خولی ئیسپانیا دانی بەوەدانا کە دەیویست لیۆنێل مێسی ئەستێرەی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بگەڕێتەوە بارسێلۆنا، بەڵام دواتر ئەوە رووینەدا.
 
مێسی ریزەکانی پاریس سانجێرمانی جێهێشت، دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لەم هاوینەدا، بەبێ ئەوەی بارسێلۆنا بتوانێت جارێکی دیکە بیگەڕێنێتەوە، دەرئەنجام لە رێگەی یانەی ئینتەرمەیامییەوە رووی لە خولی ئەمریکا کرد.
 
تێباس، لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی. بڵاویکردووەتەوە، گوتی "وەک هاندەرێک و سەرۆکی خولی ئیسپانیا، خۆزگەم دەخواست مێسی لە خولەکەمان بووایە، بەڵام شتەکان وەک خۆیانن و ئابووری بارسێلۆناش نەگۆڕاوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیام بارسێلۆنا یاریزانێکی نایاب دەهێنێتە ریزەکانی بەچاوپۆشین لەو یاریزانانەی کە ئێستا لە ریزەکانیدانە.
 
تێباس لە کۆتاییدا گوتیشی "لیڤاندۆڤسکییان هێنا، کە ئاستی ئەو و ئەوەی پێشکەشی تیپەکەی کرد بینیمان، من هیوای ئەوەم دەخواست مێسی بێت، بەڵام چی بکەین؟".
 
بارسێلۆنا نەیتوانی لیۆنێل مێسی بگەڕێنێتەوە، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو مەرجانەی کە خولەکە سەپاندبووی، سەبارەت بە بنمیچی مووچە.