ئەمشەو یاریی کۆتایی نەیشنسلیگە..ئیسپانیا و کرواتیا یارییەک بۆ مێژوو دەکەن

18-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەڵبژاردەی کرواتیا یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان، یاریگەی فاینۆرد میوانداری یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و کرواتیا دەکات، کە ئیسپانیا لە پێشکۆتاییدا لە ئیتاڵیای بردەوە و کرواتیاش بە بردنەوە لە هۆڵەندا خۆی گەیاندووەتە فایناڵ.
 
لەم راپۆرتەدا باسی رەوشی هەردوو هەڵبژاردەکە دەکەین:
 
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا:
 
لە دووەم سەرکەوتنیدا بۆ یاری کۆتایی نەیشتنسلیگ، ئیسپانیا بەدوای سەروەرییەکی مێژوویی و گەیشتن بەیەکەم نازناوی ئەو پاڵەوانێتییەدا دەگەڕێت کە نزیکەی بیست مانگ لەمەوپێش، لەسەردەستی فەرەنساییەکان لێی بێبەشبوو.
 
ماتادۆر کە لە دوای ساڵی 2012ەوە خۆی لەسەر ستەیجی نازناوەکان نەبینیوەتەوە، لەبەردەم رووداوێکی مێژوویدایە بۆ ئەوەی ببێتە سێیەم هەڵبژاردەی کیشوەرەکە بە نازناوی پاڵەوانێتییەکە بگات، پاش هەریەکە لە پۆرتوگال و فەرەنسا.
 
زیاتر لە یانزە ساڵە، ئیسپانیا بەشوێن درەوشانەوە و دەرکەوتنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت، پاشئەوەی نەوەی زێڕینی هەڵبژاردەکە رۆیشتن و ئێستا نەوەیەکی نوێ نوێنەرایەتیکردنی ئیسپانیای لە ئەستۆ گرتووە کە کۆمەڵێک یاریزانی قاڵ و چەندین گەنجی بەهرەمەندیش لە خۆ دەگرێت.
 
لەگەڵ نەوە زێڕینەکەی یاریزانانی ئیسپانیادا، راهێنەرانی هەڵبژاردەکەش گۆڕان و لویس ئینریکێ کە ئەرکی ئەپدەیتکردن و نوێکردنەوەی هەڵبژاردەکەی لە ئەستۆ گرت، لە دوای شکستی گەورە لە مۆندیالی قەتەر، پێشەوایەتی یاریزانە ئیسپانییەکانی هەڵبژاردەکەی دایە دەست لویس دی لافوێنتێ، تاوەکو جارێکی دیکە رێگەی نازناوەکان بدۆزێتەوە.
 
راهێنەری نوێی ئیسپانیا گەرچی لەسەرەتاوە ئومێدی زۆری بە یاریزانە لاوە بەهرەمەند و دەرکەوتووەکانی هەڵبژاردەکە هەبوو، بەڵام ئەنجامەکان هەر زوو ئاراستەی بیرکردنەوەی ئەویان گۆڕی.
 
سەرەتای دی لافوێنتێ لەگەڵ هەڵبژاردەکە لە ئاستی پێشبینیکراودا نەبوو، بەتایبەت کە لە دوای سەرکەوتن یەکەم یاریی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆی 2024 لە بەرامبەر نەرویج، لە دووەم یاریدا لە یاریگەی خۆیدا بە سکۆتلەندا دۆڕا.
 
شکست بەرامبەر سکۆتلەندا و هەستەوەریی قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی نەیشنسلیگ، وایان لە راهێنەری ئیسپانیا کرد جارێکی دیکە پەنا بباتەوە بۆ یاریزانە قاڵ و ئەزمووندارەکان و ئەمجارە هەریەکە لە خیسۆس ناڤاسی 37 ساڵ، خۆردی ئالبای 34 ساڵ، سێرخیۆ کانالیسی 32 ساڵ و ناچۆ فێرناندێزی 33 ساڵ درێسی ماتادۆریان پۆشییەوە. لە کاتێکدا هێشتا دانی کارڤاخال و خۆسێلۆ لە هەڵبژاردەکەدا مابوونەوە.
 
ئەو تێکەڵەیەی گەنجەکان و پیرەکان، رێگەی ئیسپانیای بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ کردەوە و سەرکەوتن بەسەر ئیتاڵیا، کلیلی خۆبینینەوەبوو لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا تاوەکو ئەمشەو ئەو هەڵبژاردەیە هەوڵبدات جارێکی دیکە لەگەڵ هاندەرەکانیدا ئاهەنگ بگێڕێت و موژدەی گەڕانەوە و دەرکەوتنی ئیسپانیایەکی بەهێزتر لە چەند ساڵی رابردوو، بەهەموو جیهان بدات.
 
 
هەڵبژاردەی کرواتیا:
 
هەڵبژاردەی کرواتیا خۆی لە کۆتاییەکی دیکەی پاڵەوانێتییە گەورەکاندا دەبینێتەوە و چاوی لەوەیە ئەمجارەیان ئەو نەبێت کە چەپڵە بۆ سەرکەوتووەکان لێدەدات، بەڵکو ئەوانیدکە چەپڵەی سەرکەوتنی بۆ لێبدەن و خۆی بچێتە سەر سەکۆی نازناوەکان.
 
کرواتیا لە کۆتاییەکانی رۆژانی درەوشانەوە و دەرکەوتن و یاریکردنی نەوەیەکی زێڕین و کاریگەری هەڵبژاردەکەدا، دەیەوێت وەک رێزلێنا بۆ ئەو نەوەیە و دەستکەوتی پێشتر بەدەستنەهاتووی مێژووی خۆی، یەکەم نازناوی نێودەوڵەتی لە مێژوویدا بباتەوە.
 
کاتێک کرواتیا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2018ی رووسیا، کەمبوون ئەوانەی پێیانوابوو هەڵبژاردەکە بەهۆی لێهاتوویی و ئاستی بەرزی یاریزانەکانییەوە خۆی لەو دۆخەدا دەبینێتەوە، بەڵکو زۆرینەی بۆچوونەکان بەو ئاراستەیەبوون کە رۆژگار و رێکەوت خزمەتی کرواتییەکانی کردووە تاوەکو بەرامبەر فەرەنسا لەپێناو نازناوەکەدا بجەنگن. بەڵام کاتێک کرواتیا لە مۆندیالی قەتەریشدا خۆی گەیاندە پێش فایناڵ، ئیدی ئەو راستییە دووپات بووەوە کە لێهاتوویی، نەک بەخت، خزمەت بە خەونەکانی کرواتیا دەکات.
 
ئێستا لە پاش شکست لە دوو هەوڵی پێشوودا لەسەر ئاستی جیهان و لە جامی جیهانیدا، کرواتییەکان دەیانەوێت یەکەم دەرگا کردنەوەیان لە مێژوودا بەرامبەر نازناوەکان، لە رێگەی نەیشنسلیگەوە بێت.. ئەمشەو هەلەکە بۆ کرواتییەکان بەردەستە تاوەکو یارییەکەی نێو یاریگەی فاینۆرد لە بەرژەوەندی خۆیان و مێژووی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن.
 
کرواتیا چەکەکانی بۆ بردنەوەی جەنگە وەرزشییەکەی ئەمشەو ئامادەیە.. هێڵێكی ناوەڕاستی بەهێزی هەڵبژاردەکە بەپێشەوایەتی لۆکا مۆدریچی پیری گەنج، کە لە یارییەکەی هۆڵەندادا هەموو جیهانی تووشی شۆککرد بە ئاست و توانای یارییکردنی خۆی، لەپاڵ ئامادەبوونی مارسیلۆ برۆزۆڤیچ و ماتیۆ کۆڤاسیچ و جووڵە و سەرئێشەکانی ئیڤان پیریسیچ دەتوانێ ئومێدی ئەوە بە کرواتییەکان بدات کە باڵی کاتیەتی و دەتوانن نازناوەکە لە ئامێز بگرن.
 
ئەو هێڵە پڕ لە دینامیکیەتەی کرواتیا بەئاسانی لە یارییەکەی ئەمشەودا ناتوانێ فەلسەفەی خۆی بسەپێنێت لە بەرامبەر هەڵبژاردەیەک کە بەهۆی هێزی هێڵی ناوەراستییەوە ئیتاڵیای کردە دەرەوە و لە مێژووشدا بەوە سەروەرییەکانی خۆی نووسیوەتەوە، کە هێڵی ناوەڕاستی لە هەموو هێڵەکانی دیکەی بەهێزتر بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە