ڤیدیۆ.. بەرازیل لە دژی رەگەزپەرستی سەرکەوت

18-06-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەڵبژاردەی بەرازیل
هەڵبژاردەی بەرازیل
نیشانەکردن هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ پاڵپشتیکردن لە ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی لاوی هەڵبژاردەکەی و یانەی ریال مەدرید لە رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستیدا یارییەکی دۆستانەی ئەنجامدا و سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
بەرازیل لە یاریگەی ئیسپانیۆل لە شاری بارسێلۆنا رووبەڕووی هەڵبژاردەی گینیا بووەوە، بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە یاریزانانی هەردوو یانە لەنێو یاریگە دانیشتن وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی رەگەزپەرستی و دوای ئەوە یارییەکە دەستیپێکرد. لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا سیلیساو بەدرێسی رەشەوە یارییکرد، وەک پاڵپشتییەک بۆ ڤینیسیۆس و نیوەی دووەمیشی بەدرێسی زەردەوە تەواوکرد.
 
دوای 27 خولەک یارییکردن جولینتۆن گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل تۆمارکرد، دوای سێ خولەک لەو گۆڵە رۆدریگۆ گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد و ئەنجامەکەی زیادکرد.
 
لە خولەکی 36 سێرهو گویراسی ئەنجامەکەی بۆ گینیا کەمکردەوە و نیوەی یەکەم بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێکی لە بەرژەوەندیی بەرازیل کۆتاییهات.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا ئیدێر میلیتاو بەلێدانی سەر بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی هەڵبژاردەکەی کیشوەری ئەفریقای هەژاند.

بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە ڤینیسیۆس جونیۆر بەشداریی لە لیستی گۆڵکارەکاندا کرد و بەلێدانی سزا بەرازیلی کردە خاوەنی چوار گۆڵ و یارییەکە بە 4-1 لە بەرژەوەندی سامبا کۆتاییهات.


 
بەرازیل رۆژی 20ـی ئەم مانگە یارییەکی دیکەی دۆستانە ئەنجامدەدات، ئەو یارییەشی بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی ئەفریقایە کە سەنیگالە و هەر بۆ پاڵپشتیکردنە لە نەهێشتنی رەگەزپەرستی لە یاریگەکاندا.
 
یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە لە یاریگەی خۆسێ ئالڤالادێ لە پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە