کێشەیەک رێگری لە پێشکێشکردنی ئێمباپێ وەک یاریزانی ریال مەدرید دەکات

18-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ، سانجێرمان، ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی، هێرشبەری یانەی پاریس سانجێرمان، سەبارەت بە پرسی گواستنەوەی بۆ یانەی ریال مەدرید، چاوەڕێی مۆڵەتی یانە فەرەنسییەکە دەکات، کە پێشبینی دەکرێت یانەی پاریسی مۆڵەتی پێنەدات و ببێتە هۆکاری دواخستنی ئاهەنگی ناساندنی وەک یاریزانی نوێی یانەی شاهانە.
 
کیلیان ئێمباپێ، بەفەرمی رۆیشتنی خۆی لە پاریس راگەیاندووە، زۆر لە راپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن کە بەبێ بەرامبەر گرێبەست لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەکات.
 
بەگوێرەی تۆڕی رێلیڤۆی ئیسپانی، ئەگەری هەیە ریال مەدرید لە ماوەی نێوان 3 بۆ 7ـی حوزەیران وەک گرێبەستێکی نوێ کیلیان ئێمباپێ بە هاندەرانی و میدیاکان بناسێنێت، پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتی یۆرۆ.
 
بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بۆ ئەم بابەتە پێویستە ئێمباپێ سەرەتا مۆڵەت لە پاریس سانجێرمان وەربگرێت، چونکە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی داهاتوو بەردەوام دەبێت. 
 
ریال مەدرید لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەبووە، و پێشبینی دەکرێت چوونی ئێمباپێش بۆ مەدرید ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزتر بکات.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیدەکاتەوە کە ئەگەر پاریس رەتیکردەوە مۆڵەت بە ئێمباپێ بدات، ئەوا پێشکێشکردنی لە یانەی ریال مەدرید بۆ مانگی تەمموزی داهاتوو دوادەخرێت، واتا دەکەوێتە دوای یۆرۆ.
 
باس لەوەش کراوە کە ئێمباپێ پێشتر چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هاوڕێکانی لە ریال مەدرید لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە دەچێتە مێرینگێ.
 
کیلیان ئێمباپێ ئەو هەواڵەی لە رێگەی نامەیەکەوە بۆ ئەو ئەستێرانەی ریال مەدرید ناردووە کە پەیوەندییان لەگەڵدا هەیە، لەوانەش هەردوو یاریزانی بەرازیلی، ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ گۆس. هەروەها پرسیاری لەبارەی هەندێک وردەکاری سەبارەت بە شارەکە و یانەکە لێکردوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە