ئاریان ئەمین ئەستێرەیەکی دیکەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق

ئاریان ئەمین
رووداو هەولێر 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتکردنی ئاریان ئەمین، ئەستێرەی کوردی بۆ ریزی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق راگەیاند. 
 
ئاریان ئەمین، تەمەن 17 ساڵ، خەڵکی دەربەندیخانە و برای یوسف ئەمین، ئەستێرەی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقە. ئەم ئەستێرە لاوە کوردە لە ساڵی 1996ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەی لە شاری کۆڵن لە ئەڵمانیا دەژین، هەر لەو شارەدا لە یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن یاریدەکات. 
 
لە دوایین کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق لە شاری بەغدا، ئاریان ئەمین نەیتوانی ئامادەبێت، بەڵام لەسەر داوای بەرپرسانی تیپەکە ئەم یاریزانە بەتایبەت بانگهێشتی پایتەختی عێراق کراوە، ئاستبەرزییەکەی بووە مایەی سەرنجی عیماد محەممەدی راهێنەر و راستەوخۆ ناوی خستە نێو لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە. 
 
محەممەد ناسر، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، رایگەیاند "کارەکانی یاریزان ئاریان ئەمین تەواوبووە و ناوی لەگەڵ یاریزانانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراقە، ئێستا ئەو یاریزانە خاوەن پاسپۆرتی عێراقە ئەمەش بە هەوڵی نەدیم کەریم سەرپەرشتیاری تیپەکە و لیژنەی کاروباری یاریزانە عێراقییەکانی هەندەران بوو کە زۆر زوو کارەکان جێبەجێکران". 
 
لیژنەی یاریزانەکانی هەندەرانی عێراق لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، کاردەکات بۆ دۆزینەوەی باشترین یاریزانە عێراقییەکانی ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە، ئەندامانی لیژنەکە سەیری داتا و ئامارەکان و گۆڵی ئەو یاریزانانە دەکەن، دواتر بە راپۆرت پێشکێشی راهێنەرانی هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراق دەکەن. 
 
ئەمین وەلید، باوکی ئاریان و یوسف، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دڵخۆشم دوو کوڕم گەیشتوونەتە ریزی هەڵبژاردەی عێراق و بە هەموو شێوەیەک هاندەر و پاڵپشتیانم، دەمەوێت لە رێگای ئێوە زۆر سوپاسی برایانم زەید زەیدی، ئەحمەد فەلوجی و عەلی شەهم لە لیژنەی یاریزانە عێراقییەکان لە هەندەران بکەم، ئەوان زۆر ئاسانکارییان بۆ ئاریان کرد". 
 
ئاریان ئەمین، لە هێڵی ناوەڕاست و باڵەکان یاریدەکات، باڵای 180 سانتیمەترە و کێشی 66 کیلۆگرامە. 
 
ئێستا ژمارەی یاریزانانی کورد لە هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بووە بە 3 یاریزان کە بریتین لە ئاریان ئەمین، مستەفا قابیل لەگەڵ هەڵگورد قەیس.