لاپۆرتا.. ئەو پیاوەی دەیەوێت بارسێلۆنا بڕووخێنێت

ئیحسان تاهیر

 

لاپۆرتا، وەک کوردەواری خۆمان گوتەنی، بارسێلۆنای کردووە بە فیلم، سێرک یان بڵێ سینەما، بۆ ئەوەی ناحەزانی پێیپێبکەنن.
 
ئەو لەسەر بنەمای درۆ گەڕایەوە بارسا و مێسی بەکارهێنا بۆ بوونەوە بە سەرۆک. ئینجا بەقسەی پێرێز پڕۆژی CVCـی لالیگای رەتکردەوە و پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆژەی سوپەرلیگ راگەیاند، کە بێگومان قوربانییەکەش مێسی و بارسا بوون.
 
ئەو هەموو رۆژێک وەهم و خەیاڵی بە هاندەرانی بارسا دەفرۆشت و ئێستاش دەفرۆشێت، دەیگوت بە چوونە نێو پڕۆژەی سوپەرلیگ پارە بەسەرماندا دەبارێت. هیچمان نەدیت.
 
دەستی بە فرۆشتنی دار و بەردی بارسا کرد، دەیگوت تیپێکی بەهێز دروست دەکەین. هیچمان نەدیت.
 
ئەو تەنیا چێژ لەوە دەبینێت کە پێیبڵێن "سەرۆک" ئەگەرنا خۆیشی باوەڕی بەوە نییە کە دەتوانێت بە درۆکانی بارسا بگەڕێنێتەوە.
 
هەموو شتێکی فێڵکردنە و هەموو هەنگاوێکی گەندەڵییە. ئێوە دەزانن کە پێش هاتنی خۆی، لە سەردەمی بارتۆمیۆدا یاسایەک هەبوو، کە رێگەی نەدەدا سەرۆک و هیچ ئەندامێکی کارگێڕی، خزم و نزیکێکی خۆی بێنێتە نێو کارگێڕیی یانەکە، کەچی کە لاپۆرتا هات، یەکەم هەنگاوی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە بوو، و خوشکێکی خۆی بە مووچەیەکی بەرز کردە بەرپرسی سەرپەرشتیکردنی کارەکانی سەرۆک.
 
ئێستاش ئەفەندی دەیەوێت غەدر لە چاڤی بکات و ئەفسانەیەکی دیکە لە بارسا دەربکات، تەنیا لەبەر ئەوەی گوتوویەتی "ریال مەدرید گرێبەست لەگەڵ ئێمباپێ دەکات، ئێمەش ناتوانین مێرکاتۆ بکەین، تیپەکەمان پێویستی بە گرێبەستی نوێ هەیە". لە کاتێکدا چاڤی هیچی هەڵەی نەگوتووە، و راستییەکانی باس کردووە.
 
لاپۆرتا دەڵێت چاڤی بەو قسانە خیانەتی لێکردووە، کەچی ئەوەی لەبیرکردووە کە چۆن خیانەتی لە مێسی کرد و بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی بارسێلۆنا، پەیکەری مێسی لەباوەش دەگرت و دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان (کە بەهۆی مێسی بوو) رێک خیانەتی کرد و مێسی بەڕێکرد، و ئەو کارەی بووە سەرەتای داڕمانی بارسا.
 
با ئەوەشمان لەبیربێت، کاتێک لاپۆرتا پەیکەری مێسی لەباوەش گرت، پسپۆرێکی زمانی جەستە، ئەوکات گوتی "لاپۆرتا درۆ دەکات، ئەو نایەوێت مێسی بمێنێتەوە". کەواتە لاپۆرتا دەبێت دوایین کەس بێت باسی خیانەت بکات.