راهێنەری نەسڕ هێرشدەکاتە سەر ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر هیلال

 
رووداو دیجیتاڵ

لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕ هێرشدەکاتە سەر ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی هیلال و دەڵێت "ئەو لێدانە سزایەی بۆ ئەوان هەژمارکرا دروست نەبوو."
 
کاسترۆ لە دوای یەکسانبوونیان بەرامبەر هیلال و لەدەستدانی دوو خاڵ لە دوایین خولەکەکانی یاریی بەرامبەر هیلال بە رۆژنامەڤانانی گوت "نامەوێت لەبارەی ناوبژیوانانەوە قسەبکەم، بەڵام لە روانگەی منەوە لێدانە سزایەکە دروست نەبوو."
 
راهێنەری نەسڕ زیاتر گوتی "ناوبژیوان بریاری دا و رێزی دەگرین، بەڵام لێدانی سزا نەبوو، چونکە یاریزانەکەی هیلال لە دەرەوەی ناوچەی سزا بوو."
 
هەر لەبارەی بڕیارەکەی ناوبژیوانەوە، کاسترۆ گوتی "هیوادارم بۆ یاریی کۆتایی جامی شا، دەستەیەکی ناوبژیوانی زۆرباش و پاک دابنرێت و تەنیا داوادەکەین لە یاریگەدا دادپەروەری هەبێت.
 
لویس دەڵێت "شانازی بە تیپەکەمەوە دەکەم، سەرجەم یاریزانەکان ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد لە بەرگری و هێرشبەریدا، بەتایبەت دووانەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سادیۆ مانێ."
 
کاسترۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "دەمانتوانی یارییەکە ببەینەوە، بەڵام سوودمان لەو هەلانە وەرنەگرت کە بۆمان رەخسان، بەڵام نامەوێت لەسەر بنەمای هەلەکان هەڵسەنگاندن بۆ تیپەکەم بکەم."
 
لەبارەی یاریی کۆتایی جامی شا لەنێوان هەردوو یانە کە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لویس کاسترۆ دەڵێت "لەکاتی خۆیدا قسە لەبارەی یارییەکەوە دەکەین، ئێستا هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر خولەکەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەمانەوێت نازناوەکە ببەینەوە."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری ئامادەبوونی ئاندێرسۆن تالیسکا، کاسترۆ گوتی "ئەو بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەرییەکانی، وادەی گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان نزیکبووەتەوە."
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی خولی سعودیەدا، هەردوو یانەی نەسڕ و هیلال لەسەر یاریگەی ئەول پارک رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا، هیلال گۆڵێکی تۆمارکرد و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
هیلال لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و تەنیا دوو یاریی ماوە، بۆ ئەوەی وەکو یەکەم یانە لە مێژووی سعودیەدا، بەبێ دۆڕان نازناوی خولەکە بباتەوە.