لێدوانی راهێنەران.. مامۆستا و قوتابی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگیان دەوێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگدا، یانەی رۆمای ئیتاڵی، دەبێتە میوانی یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی، کە لە یاریی چووندا رۆما بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، راهێنەری هەردوو یانە، لەبارەی یارییەکەوە قسەیان بۆ میدیاکاران کرد، لە پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەر بەمشێوەیە بوو:
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزن:
 
ئێمە ئێستا لێرەین لە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ. بێگومان هەموومان دڵخۆشین. بەڵام ئێمە زیاترمان دەوێت. کاتێک دەرفەتمان بۆ رەخسا، زیاترمان دەوێت. زۆر دڵخۆشم بە تیپەکەم. من ئێستا بەهیچ شێوەیەک بیر لە داهاتووی خۆم ناکەمەوە. من بەتەواوی سەرنجم لەسەر ئەوەیە کە دەمەوێت، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەم کردووە”.
 
ئایا ساڵی داهاتووش لەگەڵ بایرلیڤەرکوزنم؟ بەڵێ ئەمە راستە. سەبارەت مۆرینیۆش؟ لە راستیدا ئاسان نییە بزانین چی لە سەری خۆسێدا دەگوزەرێت! ئەو سپێشەڵ وەنە، ئەی وانییە؟ بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو توانای ئەوەی هەیە ئەو شتەی لە مێشکیدایە بگەیەنێت و عەقڵیەتی بردنەوە بە تیپەکەی بدات، ئەو ئەم کارە لە رۆما دەکات، بۆیە لەم یارییەدا چاوەڕوانی تیپێکی زۆر باش دەکەین، بەڵام ئێمەش ئامادە دەبین. 
 
 
خۆسێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما:
 
نامەوێت باسی ئەو  دەنگۆیانە بکەم، کە پەیوەندییان بە پاریس سانجێرمانەوە هەیە، ئێمە یارییەکمان هەیە کە پێویستە ئەنجامی بدەین، تەنانەت یاریی کۆتاییش نییە، تەنیا قۆناخی پێش کۆتاییە، بۆیە سەرنجمان تەنیا لەسەر ئەو یارییە دەبێت، من نامەوێت ئیستا بیر لە یاریی کۆتاییش بکەمەوە، چ جای داهاتووی خۆم.
 
ئەگەر من پاڵنەری هەوڵدان بۆ بردنەوەم نەبووایە ئاسان دەبوو بڵێم پێشتر نازناوی ئەوروپیمان بەدەستهێناوە، چونکە ئەگەر یۆرۆپالیگ بۆ ئەو یانانە بێت کە ئەم پاڵەوانێتییەیان دەستپێکردووە، ئەوا رۆما بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمە تەنیا شتێکی تیۆرییە، لە راستیدا یەک تیپ لە چوار تیپ نازناوەکە بەدەستدەهێنێت و ئامانجمان بردنەوەی نازناوەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا رێزێکی زۆرمان بۆ بایرلیڤەرکوزن هەیە و ئەوان توانای بردنەوەیان هەیە.
 
یاریزانەکانم شایەنی زۆرن، بەڵام لە تۆپی پێدا کەس هیچت پێنادات، بۆیە پێویستە ئاستێکی باوەڕپێنەکراو پێشکێش بکەین بۆ ئەوەی بگەینە یاریی کۆتایی.