گواردیۆلا.. قوتابخانە و شۆڕشێکی نوێی تۆپی‌ پێ

18-05-2023
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا
A+ A-
جووتیار قارەمان

 

دەیەی نەوەدی سەدەی پێشوو هەر یانەیەک یەک-دوو یاریزانی بەهرەمەندی هەبووایە، بۆ خۆی دەبووە تیپێکی بەهێز و کێبڕکێکار و زۆرجاریش ترسناک. بۆیە دەبینیت بەپێی گۆرانی ئاستی یاریزانەکان ئاستی یانەکانیش دەگۆڕا. 
 
ئەوکات شێوازی یاریکردن زیاتر پشتی بە بەهرەی هونەریی یاریزان یان هێزی جەستەیی دەبەست. تاکتیکی تیپەکانیش بە هەڵبژاردە و یانەوە لەسەر ئاستی یاریزانەکان دیاری دەکرا، نەک ئەوەی راهێنەر یاریزانەکان بەپێی نەخشەکانی رابهێنێت. ئەو تاکتیکانەی باو بوون بریتی بوون لە بەرگری و هێرشی هەڵگەڕاوەی ئیتاڵییانە کە خۆی لە هەڵبژاردەی ئیتاڵی نەوەدەکان تا 2006 و میلانی نەوەدەکان و یۆڤێنتۆسی نەوەدەکان تا 2006ـدا دەبینییەوە؛ یاریی تێکەڵەی هونەر و هێرشبردنی بەڕازیلییانە کە لە هەڵبژاردەی بەڕازیلی 1958ـەوە تا هەڵبژاردەی بەرازیلی 2006 بەردەوام بوو، هێرشبردنی بەردەوامی ئەرجەنتینییانە وەک ئەرجەنتینی هەشتاکان تا 2006، پاساتی زۆری هۆڵندییانە وەک هۆڵندای 1974 و 1978 و 1988 تا 2000 و بارسێلۆنای 1990 تا 2007، تۆپی درێژی ئینگلیزی وەک مانچێستەری نەوەدەکان تا 2006 و ئینگلتەرای نەوەدەکان تا 2006، بەکارهێنانی توانای بەهێزی جەستەیی و تۆپی بەرز وەک ئەڵمانیای حەفتاکان تا 2002 و بایەر میونیخی هەشتاکان تا 2005. ئەو رەوتانە تا نزیکەی ساڵی 2007 بەردەوام بوون. 
 
ئەو ساڵەی جۆسێپ گواردیۆلا بووە راهێنەری بارسێلۆنا. لەو ساڵەدا گواردیۆلا شێوازێکی تایبەتی تاکتیکی لەگەڵ ئەو یانەیەدا بەکارهێنا کە زۆر کەس پێیانوایە تیکی‌ تاکاکەی جارانی سەردەمی کرۆیفە، ئەوە تەنیا لەو ساڵەدا وابوو. ساڵی دواتر گواردیۆلا تاکتیکەکەی زیاتر سەپاند و کارێکی کرد کە ساڵانی دواتر زۆر راهێنەر چاوی لێبکەن. بە باڵادەستبوونی گواردیۆلا و تاکتیکەکەی لە جیهانی تۆپی‌ پێدا هەموو تاکتیکەکانی دیکە کاڵ بوونەوە، وەک هونەر و هێرشبردنی بەرازیلییانە و بەرگری و هێرشی پێچەوانەی ئیتاڵیایی و، هەندێکیشیان بەیەکجارەکی باویان نەما، وەک تۆپی درێژی ئینگلیزی و هێرشی بەردەوامی ئەرجەنتینییانە و هێزی جەستەیی و تۆپی‌ بەرزی ئەڵمانیاییانە. 
 
گواردیۆلا شێوازەکەی خۆیی سەپاند تەنانەت زۆرینەی یانە و هەڵبژاردەی وڵاتان لە رێکخستنی پێکهاتەی یاریزاناندا چاویانلێکرد لە شێوازی پاساتی زۆر و گشتگیر کە هەموو یاریزانەکان تێیدا بەشداربن بە گۆڵپارێزیشەوە (تا ئەو سەردەمە تۆپ گەڕاندنەوە بۆ گۆڵپارێزی وەک عەیبە بوو) بە ریزبەندیی 3 4 4 و 1 5 4  (ئەمەیش لە رەوتی یاریدا دەبێتەوە بە 3 4 4  و 1 4 1 3 (ئەمەیان گواردیۆلا کەمتر بەکاریدەهێنێت). دیارترینیان 3 3 4ـیە کە تا پێش سەردەمی گواردیۆلا تەنیا هۆڵەندا و بارسێلۆنا (و مۆرینیۆی پۆرتۆ و چێڵسییش بەو رێکخستنە، بەڵام بە هێرشی هەڵگەڕاوە نەک پاساتی گشتگیر) بەو جۆرە یارییان دەکرد، بەڵام دوای ئەوە زۆرینەی هەڵبژاردە و یانەکان شێوازی رێکخستنی ریزبەندیی پێکهاتەیان کرد بە 3 3 4، تەنانەت بەرازیل کە پاشای هونەری تۆپی‌ پێ و هێرشبردن و پێکهاتەی 3 5 2 (لە مۆندیالی 1994 و 2002)و 2 2 2 4 (لە مۆندیالی 1982 و 1998  و 2006) بوو، بە هاتنی دۆنگا لە ساڵی 2007ـەوە وازی لەو شێوازانە هێناوە بە 3 3 4 یاری دەکات. 
 
ئیتاڵیا کە باوکی شێوازی بەرگریی 1 1 1 2 4 1 (لە مۆندیالی 1982) و 1 3 2 4 (لە مۆندیالی 2006) بوو، ئەویش پشتی لەوە کرد و چووە سەر شێوازی 3 3 4. ئەڵمانیا و بایر میونشنیش پەیڕەوییان لەو شێوازەی گواردیۆلا کرد و تا راددەیەکی باشیش جێبەجێی دەکەن. بەڵام گرفتی هەموو ئەو یانە و هەڵبژاردانە ئەوەبوو کە نەیانتوانی وەک گواردیۆلا دەست بەسەر یاری و یاریگەدا بگرن.
 
ئەوەی گواردیۆلا دەیکات هەر تەنیا پاساتی زۆری ناو یاریگە نییە، بەڵکو لە دەروونی یاریزانەکانەوە دەست پێ دەکات. گواردیۆلا بە شێوەیەک کار لەسەر دەروونی یاریزانەکانی دەکات و جگە لە لایەنی تەکنیکی و جەستەیییەوە،  لەو رووەیشەوە زۆر بەهێزیان دەکات و دەبینیت ئاساییترین یاریزانی خۆی بە باشترین یاریزانی ئەو شوێنە دەزانێت کە یاریی تێدا دەکات. هەمیشە  بەشێكی زۆری یاریزانەکانی گواردیۆلا یاریزانی باشی ئاسایی بوون جگە لە دوو-سێیەکیان و زۆرینەی تیپە گەورەکانی دیکەیش بگرە وەک ئەو یان زیاتر یاریزانی باشیان هەبووە، بەلام کە بەرانبەر تیپەکەی گواردیۆلا یارییان کردووە، بە ترسێکی زۆر و پارێزەوە چوونەتە یاریگا. 
 
گواردیۆلا بۆ خۆی شێوازێکی نوێی یاریی تۆپی‌ پێی داهێناوە و قوتابخانەیەکی نوێیە. وای کرد جیهان پشت لە تاکتیکەکانی دیکە بکات و واز لەوە بهێنن کە گرنگی بە تەنیا یەک-دوو یاریزانی باش و بەهرەمەند و بەتوانا بدەن بەڵکو هەموو تیپەکەی کردە تیپێکی تۆکمە و بەهێز. ئەمەی گواردیۆلا و تیکی‌تاکاکەی کرۆیف دوو شتی جودان. گواردیۆلا کە دەست بەسەر یاردا دەگرێت و پاساتی زۆر دەکات، وەک منداڵ لە تیپی بەرانبەری دەڕوانێت و بە ئەگەری زۆر لە زۆربەی یارییەکانیدا براوە دەبێت، لەو ریگەیەوە تیپی بەرانبەر ماندوو و شپرزە دەکات، چونکە پێشتر کەلێن و لاوازییەکەیانی دۆزیوەتەوە و باش کاری لەسەر کردووە. گواردیۆلا عەقڵکارییەکی زۆر لە شێوازەکەیدا بە کار دەهێنێت و زۆر بە وردەکارییەوە یاری دەکات. ئەوەیش نهێنیی سەرکەوتنیەتی، هەرچەندە مرۆڤ هەرچی بکات، هەر کەلێن و کەمایەسی جێ دەهێڵێت و چەندە زیرەک و بەهێزیش جارجار خاڵی لاوازیشی دەبێت و دەیدۆڕێنێت.
 
گواردیۆلا هەر بە پاساتی زۆر داناسەکنێت، بەڵکو بەرگرییەکی بەهێز و هێرشی بەردەوامی چڕیش دەکاتە سەر تیپی رکابەری. هاوکات هەر یاریزانێکی هێرشبەر و ناوەندیشی وەک بەرگریکارەکان بەرگری دەکەن، بەرگریکارەکانیشی وەک هێرشبەر هێرش دەبەن. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی گواردیۆلا ئەوەیە کە دەروونی هەموو یاریزانەکانی دەگەیەنێتە ئاستێک کە هەموویان خۆیان بە گۆڵکەر و گۆڵدروستکەر بزانن و بەرگریکارەکانیشی وەک گۆڵدروستکەر پاسات بکەن و وەک هێرشبەر گۆڵ بکەن - ئەمەی لە هەرسێ یانەی بەرشەلۆنە و  بایەر میونیخ و مان سیتیدا جێبەجێ کردووە و بینیومانە.
 
بە بۆچوونی من، ناکرێت بە گواردیۆلا بگوترێت درێژەپێدەری تیکیتاکا و قوتابخانەکەی کرۆیف، چونکە ئەو دووانەی تێ پەڕاندووە و لە سەروویانەوەیە. گواردیۆلا هەر راهێنەرایەتیی هەر یانەیەکی وەرگرتبێت، ئەو یانەیەی گەیاندووەتە ترۆپکی بەرزی و ناوبانگ و هێز و رکابەرەکانی بە ترسەوە لێیان روانیوە و کە رووبەڕووی بوونەتەوە وەک ئەوە بووە بەرانبەر دێوەزمە و خێو یاری بکەن هێندە لە تیپەکەی ترساون. ئەمە پێشتر زۆر بە دەگمەن هەبووە و کورتخایەن بووە و بەو جۆرە نەبووە کە گواردیۆلا دەیکات، چونکە ئەمەی گواردیۆلا بەردەوام وایە و بەرانبەرەکانی دەتۆقێنێت.
 
ئەو قسانەی سەرەوە مانای ئەوە نین کە شێوازەکەی گواردیۆلا نابەزێنرێت و کەم‌وکوڕیی نییە، نا، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەو راهێنەرە شێوازەکەی خۆی زۆر بە باشی جێبەجێ دەکات، هەرچەندە لە زۆر وێستگەیشدا سەرکەوتوو نەبووبێت و نەبووە، بەڵام توانیویەتی بیسەپێنێت.
 
گواردیۆلا قوتابخانەیەکە و زیاتر لە 15 ساڵە لەگەڵ خۆیدا رەوتی شێوازی یاریی تۆپی‌پێی گۆڕیوە و شۆڕشێکی بەرپاکردووە و زۆربەی راهێنەرانی جیهان هەوڵ دەدەن بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک شێوازەکەی ئەو یاری بکەن. بۆیە حەیفە قوتابخانەکەی گواردیۆلا بدرێتە پاڵ تیکی‌تاکا و کرۆیف - ئەو بۆ خۆی قوتابخانەیەکی سەربەخۆی داناوە و تا ساڵانێکی زۆری دیکەیش بەردەوام دەبێت.
 
من وەک خۆم کەم حەزم لەم شێوازەی گواردیۆلایە، بەتایبەتی کاتێک جڵەوی یاری لە دەستبدات، ناتوانێت بە ئاسانی شێوازەکەی بگۆڕێت و ئیتر چارەی پێ نامێنێت. خاڵیکی دیکەی کە لام خۆش نییە ئەوەیە یاریزان وا لی دەکات هەتا نەگاتە نزیکی گۆڵ هەوڵی گۆڵکردن نەدات، یانی شووتی دوور و ئۆڤەر و گۆڵی کەلە پشتیان پێ نابەسترێت و بە دەگمەن بەکاریان دەهێنێت کە زۆرجار سوودیان لێ نابینێت. هەروەها هونەری تاکەکەسیی یاریزانەکانیش پشتگوێ دەخات و پاسات چەقی هەموو تەکنیکەکەیەتی و یاریزانی هونەری لای ئەو جێیان نابێتەوە، لە نموونەی رۆناڵدینیۆ و ئیبراهیمۆڤیچ.
 
ئەمەی لێرەدا گوتوومە زۆر خێرا و گشتگیرە و بە زمانێکی خۆمانەیی و ناو خەڵک نووسیومە، ئەگەر نا  دەکرێت زۆر وردتر باس لە شێوازی یاریکردنی گواردیۆلا و تەکتیکەکانی بکرێت و وردەکارییەکانی تەکنیکەکانی بە زمانی تایبەتی تۆپی‌پێ روون بکرێنەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە