مۆرینیۆ دەیەوێت مێژوویەکی دیکە بنووسێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە پاڵەوانێتییەکی ئەوروپییەوە بۆ یەکێکی دیکە، لە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی بلیتێکی چامپیۆنزلیگەوە بۆ هەڤڕکی لەسەر بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی یۆرۆپالیگ، زۆر دەمێکە رۆما ئەم نەفەس درێژییەی ئێستای نەبووە کە خۆی وەک بەربژێری بردنەوەی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان ببینێت بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، بەڵام سەرەتا دەبێت قوتابییە زیرەکەکەی تێپەڕێنێت، ئینجا بیر لە بوداپێست بکاتەوە.
 
وەک پێشبینیکراوە ئەمشەو مۆرینیۆ پاسەکەی لەبەردەم پاتریسیۆی گۆڵپارێزدا رابگرێت، ئاخر هیچ شتێک هێندەی بەدەستهێنانی نازناوی ئەوروپی سپێشڵ وەن ناخرۆشێنێ، هیچ بردنەوەیەک هێندەی شێوازە تایبەتییەکەی خۆی نایگەینێتە لووتکەی چێژ و ئادرینالینی سەرکەوتن ناڕژێنێتە نێو خوێنییەوە. 
 
یاریی چوونی نێوان هەردوو یانەی رۆما و بایر لیڤەرکوزن لە خاکی رۆمەکاندا بە بردنەوەی رۆما بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ بەرامبەر کۆتاییهات، ئەمەش وادەکات کە مۆرینیۆ لە یارییەدا بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی ئەنجامەکە بێتە مەیدان و هەوڵی پاک راگرتنی گۆڵەکەی بدات. 
 
رۆما لەسەر ئاستی نێوخۆ باش نییە، پێنج یارییە تامی بردنەوەی نەکردووە و دابەزیوەتە پلەی شەشەم و خەریکە لە رکابەریکردن لەسەر بلیتێکی ئەوروپا بێبەش دەبێت، بۆیە هەموو چڕبوونەوەیەک لەسەر ئەم پاڵەوانێتییە دەبێت. 
 
ئەمە یەکەم جار بوو یانەیەک بێتە بەردەم لیڤەرکوزن کە نەهێڵێت لە یۆرۆپالیگدا گۆڵ بکەن، ئاخر ئەوان لە 6 یاریی رابردوویاندا توانیویانە 14 گۆڵ لە رێگەی نۆ یاریزانی جیاوازە تۆماربکەن، بەڵام مۆرینیۆ و گورگەکان ئەمەیان راگرت.
 
هەموو جیهان ستایش و پەسنی چابی ئەلۆنزۆی راهێنەری لیڤەرکوزن دەدەن، ئاخر ئەو راهێنەرە لاوە لە یەکەم ئەرکیدا وەک راهێنەری ئەم یانەیە توانی تیپەکە لە لێواری پلەکانی دابەزینەوە بگەیێنێتەوە بە پلەکانی پێشەوە و شەڕکردن لەسەر بلیتێکی ئەوروپی، بەڵام ئەوەی کێشەیە بۆ ئەم راهێنەرە ئەوەیە کە تیپەکەی لە چەند بەرەیەکی جیاوازەوە خستووەتە جەنگەوە، ئاخر تەرکیزکردن لەسەر یۆرۆپالیگ وایلێکرد کە لە سێ یاریی رابردوویدا هیچ بردنەوەیەک تۆمارنەکات و 10 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندییەکە دووربکەوێتەوە، بەمەش هیوای بە گەیشتن بە هیچکام لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و یۆرۆپالیگی وەرزی داهاتوو نەماوە، خۆئەگەر ئەم یارییە لە رۆما نەباتەوە، ئەوا تەنیا شەڕکردن لەسەر بلیتی پاشکۆی کۆنفرانسلیگی بۆ دەمێنێتەوە.