گواردیۆلا رەتیدەکاتەوە سووکایەتی بە ریال مەدرید و ئەنچێلۆتی بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی هەڵوێستی خۆی لەسەر گەیشتنی یانەکەی بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئاشکرا کرد و دەڵێت "بەباشترین سیناریۆوە گەیشتینە یاریی کۆتایی."
 
گواردیۆلا لەلێدوانێکی نوێدا کە لەلایەن رۆژنامەی مارکای ئیسپانییەوە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "بەباشترین سیناریۆوە گەیشتینە یاریی کۆتایی، دوای ئەوەی ئاستێکی نایاب و بەرزمان بەرامبەر یانەی ریال مەدرید پێشکێشکرد."
 
پێپ زیاتر قسەیکرد و گوتی "هیوایەکی زۆرم بەم تیپە هەیە، لەکاتێکدا دوای ئەوەی وەرزی رابردوو بەسەرماندا هات دەیانگوت یاریزانانی سیتی بەها و کەسایەتییان نییە، سەرەڕای ئەوەی ئێمە خاوەنی تیپێکی نایابین، سێ نازناوی پرێمەرلیگمان بردووەتەوە، دوو جار چووینەتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و جارێکیش گەیشتووینەتە یاریی کۆتایی."
 
گواردیۆلا لەبارەی یانەی ریال مەدریدەوە قسەدەکات و دەڵێت "بە یاریزانەکانم گوت، ئەگەر دەتانەوێت لە یاریی کۆتایی بەرامبەر ئینتەرمیلان یاریی بکەن، دەبێت لە ریال مەدرید ببەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئەگەر چامپیۆنزلیگ نەبەینەوە کارەکە تەواو نییە."
 
راهێنەری مانچێستەر سیتی دووپاتیدەکاتەوە کە هیچ تیپێک ناتوانێت هەمیشە براوەبێت، بەڵام گرنگە بەردەوام هەوڵ بۆ مانەوە بدەیت، لەکاتێکدا چارەنووس لەبەردەمتدا پێدەکەنێت، هەمووان ئەوە دەزانن من کەتەلۆنیم، بارسێلۆنا سێ یاریی کۆتایی دۆڕاند تاوەکو نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا پێپ گواردیۆلا گوتی "من زیادەڕۆیی لە چاوەڕوانییەکانمدا ناکەم بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، ناڵێم ریال مەدرید تیپێکی خراپە، یان ئەنچێلۆتی خراپە، وەک ئەوەی کە بە ئێمە گوترا، کە نازناوی چامپیۆنزلیگمان نەبردووەتەوە."