ڤیدیۆ؛ کارلۆ ئەنچیلۆتی دان بە راستییە تاڵەکەدا دەنێت

18-05-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Oli SCARFF / AFP
Photo by Oli SCARFF / AFP
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچیلۆتی مانچێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دانی بەوەدا نا کە تیپەکەی شایەنی دۆڕان بوو، چونکە مانچێستەر سیتی بە درێژایی یارییکە باشتر یاری کرد، گوتیشی "هیچ نیگەرانییەکەم سەبارەت بە داهاتووی خۆم لەگەڵ ریال مەدرید نییە".
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامپیۆنزلیگدا، یانەی مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی ئیتیحاد میوانداری یانەی ریال مەدریدی کرد و 4-0 لێیبردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی، کە لە یاریی چووندا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ 1-1 یەکسان بووبوون.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "بەڕای من دۆخی تۆپی پێ بەمشێوەیە، ئێمە بەرامبەر بە رکابەرێک یاریمان کرد کە شایەنی بردنەوە بوو، چونکە لە نیوەی یەکەمدا شەڕانگێزتر و لێهاتووتر یارییان کرد". 
 
ئەو زیاتر قسەی لەبارەی سیتییەوە کرد و گوتی "ئەوان باڵادەست بوون و یارییەکەیان بە ئامانجی گەیشتن بە یاریی کۆتایی ئەنجامدا. ئەوان باشترین لایەنی یارییەکە بوون هەروەک چۆن ساڵی رابردوو ئێمە باشترین لایەن بووین. دەکرێت لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بە رکابەرێکی بەهێز یاری بکەیت کە لە ساتێکی باشدایە و پێی بدۆڕێی".
 
سەبارەت بەوەی ئایا ترسی لە داهاتووی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید هەیە؟ ئەنچیلۆتی گوتی "هیچ نیگەرانییەکم سەبارەت بە داهاتووی خۆم نییە، چونکە پێموایە سەرۆک فلۆرێنتینۆ پێرێز 15 رۆژ لەمەوبەر راشکاوانە قسەی کرد، بۆیە هیچ نیگەرانییەکم نییە".
 
کارلیتۆ زیاتر لەبارەی یارییەکەوە گوتی "ئەوەی پلانمان دانابوو نەمانکرد، وەک گوتم نابێت درامایەک لەمە دروست بکەین، پێموایە هەمان تیپ ساڵی رابردوو ئاستێکی باشی پێشکەشکرد و ئەمساڵیش ئاستێکی باشی پێشکەشکرد، بەڵام نەمانتوانی سەرکەوین بۆ یاریی کۆتایی. وەرزی داهاتووش یاری باشتر دەکەین".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانە، لە کۆتاییدا گوتیشی "پێموایە سەرکەوتن بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ دەستکەوتێکە، چونکە تەنیا چوار تیپ گەیشتوونەتە ئەم قۆناخە، زۆر لە تیپەکانی دیکە نەیانتوانیوە ئەوە بکەن، دۆڕان لە قۆناخی پێشکۆتایی هەندێکجار روودەدات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە