ڤیدیۆ؛ مان سیتی شکستێکی گەورەی بە ریال مەدرید هێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر سیتی لە یارییەکی یەکلایەنەدا، بە پێشکێشکردنی ئاستێکی سەرسوڕهێنەر، شکستێکی گەورەی بە یانەی ریال مەدرید هێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
دوای ئەوەی یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ برنابیۆ بەڕێوەچوو، بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات، لە یاریی گەڕانەوەدا مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگەی ئیتحاد میوانداری ریال مەدریدی کرد و 4-0 لێیبردەوە و هەلی سەرکەوتنی بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا، بۆ بەرگریکردن لە نازناوەکەی بۆ ریال مەدرید نەهێشتەوە.
 
سیتی کە هەموو یاریزانەکانی ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکرد، لەم یارییەدا قەرزداری ئەستێرە پورتوگالییەکەی بێرناردۆ سێلڤایە، کە ئاستێکی بڕواپێنەکراوی پێشکێشکرد و لە خولەکەکانی 23 و 37ـدا دوو گۆڵی تۆمارکرد.
 
نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندی یانە ئینگلیزییەکە کۆتاییهات، کە دەکرا ئەنجامەکە قورستر بێت لەسەر ریال مەدرید، بەڵام کۆرتوای گۆڵپارێزی یانە ئیسپانییەکە تۆڕی گۆڵەکەی لە بەردەم چەندین دەرفەتی راستەقینەدا پاراست.
 
لە نیوەی دووەمدا هیچ شتێک نەگۆڕا و ریال مەدرید نەیتوانی هیچ چارەسەرییەک بدۆزێتەوە، تاوەکو ئیدر میلیتاو بەرگریکاری ریال مەدرید لە خولەکی 76 بە هەڵە گۆڵی سێیەمی بۆ مان سیتی لە خۆیان کردەوە، ئەگەرچی گۆڵەکە بۆ ئەکانجی هەژمارکرا، کە پێستر بەسەر تۆپەکەی لێدا.
 
مانچێستەر سیتی بەوەش رانەوەستا و لە خولەکی 91 لە رێگەی جۆلیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینییەوە گۆڵی چوارەمیشی تۆمارکرد و تیپەکەی پێپ گواردیۆلا بە ئەنجامی 4-0 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو لە ئیستەنبوڵ لە نێوان مانچێستەر سیتی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵیدا بەڕێوەدەچێت.