فەرەنسییەکان داوای سزادانی ئیدریسا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

فەرنسییەکان گوشار دەخەنە سەر یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بۆ ئەوەی ئیدریسا گای، یاریزانی یاریزانی موسڵمانی سەنیگالیی یانەی پاریس سانجێرمان سزا بدرێت، لەبەرئەوەی ئامادە نەبوو پشتیوانی لە هاوڕەگەزخوازان بکات.
 
هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە فەرەنسا، دووپاتیانکردەوە کە ئیدریسا گای، یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان، لە لایەن لیژنەی رەوشت لە یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنساوە داواکراوە و دەبێت روونکردنەوە بدات سەبارەت بە هۆکاری بەشدارینەکردنی لە گەڕی 37ـی لیگ وەن.
 
یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، گەڕی 37ـی لیگ وەنی تایبەت کردبوو بە پشتگیریکردن لە هاوڕەگەزخوازان و پێویست بوو یانەکان و یاریزانەکانیان وێنەی پەڵکەزێڕینە لەسەر درێسەکانیان دابنێن، کە نیشانەی هاوڕەگەزخوازانە، بەڵام ئیدریسا ئامادە نەبوو لەگەڵ یانەکەی بەشداری لە یارییەکەدا بکات، کە بەرامبەر یانەی مۆنپێلێ بوو، یانە فەرەنسیییەکە بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
 
هۆکاری بەشدارینەکردنی ئیدریسا گای، یاریزانی سەنیگالی لەو یارییەدا ئەوەبوو کە یاریزانە موسڵمانەکەی پاریس سانجێرمان، ئامادە نەبوو درێسی پشتیوانی بۆ هاوڕەگەزخوازان لەبەربکات.
 
جگە لەوەی لە رێگەی سوشیاڵ میدیاوە، فەرەنسییەکان و ئەوروپییەکان هێرشێکی زۆریان کردووەتە سەر ئیدریسا، چەندین لایەنی فەرەنسیش گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر یەکێتیی تۆپی پێی وڵاتەکەیان و دەیانەوێت ئەو یاریزانە سزا بدرێت.
 
ئیدریسا گای، کە ئەمە دووەم ساڵە بەسەریەکەوە ئەو هەڵوێستە وەردەگرێت، لەلایەن یانەکەیەوە بەرگری لێکراوە و بەرێوەبەری هونەری یانەکە، رایگەیاند "یاریزانەکە هەندێک هۆکاری کەسی هەبووە کە رێگەیان پێنەداوە بەشداری لەو یارییەدا بکات".
 
ئیدریسا گای، یاریزانی هەڵبژاردەی سەنیگالە، تەمەنی 32 ساڵە، لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات، موسڵمانە، چەندینجار دووپاتیکردووەتەوە کە بەتەواوی پابەندە بە ئەرکە ئایینییەکان و لە مانگی رەمەزاندا بەڕۆژوو دەبێت و لە پاریسیش هەر کاتێک دەرفەتی هەبووبێت لە مزگەوت نوێژەکانی دەکات.