جەماوەرە سەرشێتەکەی فرانکفۆرت بەهێزترین چەکی یانە ئەڵمانییەکەیە بۆ بردنەوەی یۆرۆپالیگ

رووداو دیجیتاڵ

هێندەی رووداوەکانی دەرەوەی لاکێشە سەوزەکە لەنێو یاریگەدا سەرنجی دونیایان راکێشا، هێندە ئاست و ئەنجامی یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرت نەبوونە جێی باسوخواس. ئەمە ئەو کاتەبوو کە یانە ئەڵمانییەکە بووە میوانی بارسێلۆنای ئیسپانی لە قۆناخی هەشتی یۆرۆپالیگی ئەمساڵ لە نێو یاریگەی نوکامپ و لە کاژێرەکانی سەرەتای دوای یارییەکەدا دەرکەوت، فرانکفۆرتییەکان سکانداڵێکی گەورەیان دووچاری بارسا کردووە.
 
ئاینتراخت بەئەنجامی هەردوو یاری چوون و هاتن بەسەر بارسێلۆنادا سەرکەوت. چوونە دەرەوەی یانە ئیسپانییەکە کە راهێنەرەکەی بەئاشکرا ویستی تیپەکەی بۆ بردنەوەی نازناوەکە ئاشکراکردبوو، خۆی لە خۆیدا بووە شۆک. شۆک بۆ هەمووان لە دونیادا، بەڵام دواتر کاتێک سەرنجەکان لەسەر ئەنجامی یارییەکەوە گۆڕان بۆ سەر هاندەرانی ئاینتراخت، ئەوکات شۆکەکە بووە سکانداڵ.
 
هاندەرەکانی فرانکفۆرت بەزەبری پارە و کڕینەوەی بلیتەکانی یارییەکەی بارسێلۆنا، یاریگەی نوکامپیان داگیرکرد و ئیدی ئەوە لێکەوتەی زۆری بەدواداهات، بەتایبەت کە ئاشکرابوو ژمارەی زۆری هاندەرانی بارسێلۆنا، بلیتەکانی خۆیان بەئەڵمانەکان فرۆشتووەتەوە و پشتیان لە تیپەکەیان کردووە لە پێناو پارەدا.
 
هاندەرانی ئاینتراخت، دەکرێ ئەمساڵ نازناوی سەیرترین و سەرنجڕاکێشترین بۆخۆیان ببەن. ئەوان جگە لە سپیپۆشکردنی نوکامپ، رووداوی دیکەی جیاوازیان خولقاند، سەرەتاش ئەوکاتەبوو کە ویستیان لە یاری چوونی یانەکەیان بەرامبەر وێستهامی ئینگلیزی لە نێو یاریگەی ئەو یانەیە، هەمان کار دووبارە بکەنەوە و بلیتەکانی یارییەکە، لە هاندەرانی وێستهامیش بکڕنەوە، بەڵام هەرزوو کارگێڕیی یانەکە رێگەی لەو رووداوە گرت.
 
لە یاری گەڕانەوەدا لە نێو یاریگەی دۆیچە بانک پارکی تایبەت بەیانەکەدا، ویستی بردنەوە و سەرکەوتن، هاندەرانی یانەکەی ناچار بە کارێکی دیکەکرد، ئەوان بۆئەوەی جۆشوخرۆشی زیاتر بە یاریزانەکانیان بدەن، کورسییەکانی ژێر خۆیان لە یاریگەدا لێکردەوە و ناوە ناوە بەرزیان دەکردەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بەپێوە مانەوەی هاندەران و بەردەوامبوون لە هاندانی یاریزانەکان تا کۆتایی یاری.
 
ئەمجارەیان، لە پاش داگیرکردنی کەتەلۆنیا، هاندەرە ئەڵمانییەکان، روویان لە سیڤییا کردووە و لەوێش رووداویان خولقاندووە. پۆلیسی سیڤییا رایگەیاندووە رۆژێک بەر لە یارییەکە 150 هەزار هاندەری هەردوو یانە روویان لە شارەکە کردووە کە تەنیا سەد هەزاریان لە ئەڵمانیاوە چوون و هاندەری فرانکفۆرتن. 
 
ئەو لێشاوە زۆری هاندەر تەنیا بیست هەزاریان دەتوانن بچنە نێو یاریگەکەوە، چونکە یانەکە لەلایەن فیفاوە بیست هەزار بلیتی بۆ هاندەرەکانی دراوەتێ. هەربۆیە ئەمجارەش فرانکفۆرتییەکان هەوڵیاندا لە بازاڕی رەشدا بلیتی یارییەکە بکڕنەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئەو کارەیان ئەنجامی هەبووە یان نا.