یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ.. فرانکفۆرت یان رانجێرز مێژوو تۆمار دەکات

18-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرانکفۆرت رانجێرز یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان لە شاری سێڤییای ئیسپانیا، میوانداری یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ، لە نێوان هەردوو یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی و گلاسکۆ رانجێرزی سکۆتلەندی دەکات، کە هەردوو یانە پێکەوە ماوەی 92 ساڵە هیچ نازناوێکی ئەوروپییان نەبردووەتەوە.
 
ئاینتراخت فرانکفۆرت، گەرچی سەرکەوتنی بۆ یاری کۆتایی یۆرۆپالیگی ئەمساڵ. خۆی لە خۆیدا رووداوێکی گرنگ و ناوازەیە بەڵام ئەو یانەیە کاتێک لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکەدا بارسێلۆنای ئیسپانی بەهێرترین بەربژێری کردە دەرەوە، ئیدی سەرنجی زۆری میدیای دونیای بەلای خۆیدا راکێشا و ئێستاش بەربژێرێکی سەروو ئاساییە، بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.
 
فرانکفۆرت ماوەی 40 ساڵی رێکە، هیچ نازناوێکی ئەوروپی بەدەستنەهێناوە، ئەمە وا دەکات یانە ئەڵمانییەکە بەئاسانی دەستبەرداری ئەو هەلە نەبێت کە ئێستا وەک دەرفەتێکی زیڕێن بۆی هاتووەتە پێشەوە و لە یاری کۆتایی یۆرۆپالیگدا خۆی دەبینێتەوە.
 
یانە ئەڵمانییەکە سێیەمجاریەتی لە مێژووی خۆیدا دەگاتە فایناڵی پاڵەوانێتییەکی ئەوروپی، ئەو یانەیە کە پێشتر فایناڵی 1960ی بە ریال مەدرید دۆڕاندووە و ساڵی 1980 فایناڵی یۆفا کەپی لە بۆرووسیا میونشنگلادباخ بردووەتەوە، لە نێو یاریگەی سانچیز پیزخوان لە سیڤییا، چاوی لە دووبارەکردنەوەی ئەو دەستکەوتەیە کە چەندین دەیەی بەسەردا تێپەڕیووە.
 
ئاینتراخت فرانکفۆرت لەسەرەتای پاڵەوانێتییەکەوە وەک یانەیەکی بەهێز و بەربژێری نازناوەکە تەماشا نەدەکرا، بەڵام ئەو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرت و سەرکەوت، دواتریش لە قۆناخی شانزەدا ریال بیتیسی ئیسپانی کردە دەرەوە، بەرلەوەی لە رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنادا لە نێو یاریگەی نوکامپ و لە یاری گەڕانەوەی قۆناخەکەدا رووداوە گەورەکە بخولقێنێت و سەرانسەری دونیا بەکردنە دەرەوەی بارسێلۆنا و رووداوی نێو یاریگەکە بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات.
 
دوا وێستگەی بەر لە کۆتایی بۆ ئاینتراخت، رووبەڕووبوونەوەی وێستهام یونایتد بوو کە ئەو یانەیەش هاوشێوەی رکابەرەکانی دیکە، لەسەردەستی یانە ئەڵمانییەکە کرایە دەرەوە و ئەمە وەک پەرجوویەک لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆمارکرا، کاتێک یانەکە لە کۆی 12 یاری یۆرۆپالیگدا، دووچاری هیچ شکستێک نەهات و بەبێ دۆڕان گەیشتە یاری کۆتایی.
 
ئەمشەو هەموو ئەوەی ئاینتراخت کردوویەتی لە دوا یاریدا دەکەوێتە بەردەم تەرازووی هەڵسەنگاندنەوە، چونکە بەدەستهێنانی نازناوەکە لە هەموو روویێکەوە، دارایی، وەرزشی و ناوبانگەوە رەنگدانەوەی لەسەر ساڵانی داهاتوو و نزیکی یانەکە دەبێت.
 
چێژ تەنیا لە بردنەوەی یاری کۆتاییدایە و ئەوەش ئامانجی جیۆڤانی ڤان برۆکهۆستی راهێنەری رانجێرزە کاتێک ئەمشەو تیپەکەی لە بەرامبەر ئاینتراخت فرانکفۆرت یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ ئەنجامدەدات.
 
برۆنکهۆست کە مێژووییەکی سەرەتایی و کەمی لەگەڵ یانە سکۆتلەندییەکەدا هەیە، بەخەیاڵی سەرکەوتنەکانی فینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندییەوە هێنرایە گلاسکۆ راینجێرز و ئەوەی ئێستا ئەو راهێنەرە لەگەڵ تیپەکەیدا پێیگەیشتووە، دەستکەوت و سەرەتایەکی مەزنە بۆ پێکەوە کارکردنی هەردوولا.
 
رانجێرز پەنجا ساڵی رێکە هیچ نازناوێکی ئەوروپی نەبردووە، ئەمشەو هەل لەبەردەستی جیۆڤانی و یاریزانەکانیدایە بۆئەوەی مێژوویەکی جیاواز لەگەڵ ئەو یانەیەدا بنووسنەوە کە ئەمساڵ لە خولی نێوخۆییدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی یۆرۆپالیگ، کورسیی گەیشتنە قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ دەخاتە بەردەم یانەکە.
 
یارییەکەی ئەمشەو، سێزدەیەمین وەرزی دووەم گەورەترین پاڵەوانێتی ئەوروپییە کە لە ژێر ناوی یۆرۆپالیگدا ئەنجامدەدرێت. لە دوانزە وەرزی پێشووی یۆرۆپالیگدا، هیچ یانەیەکی ئەڵمانی یان سکۆتلەندی نازناوەکەیان بەدەستنەهێناوە و ئەوەش هاندەرێکی دیکەیە بۆ ئەوەی راینجێرز سەروەرییەکی دیکە، بۆ سکۆتلەندییەکان لە نێو ئەوروپادا بەدەست بهێنیت.
 
رانجەرز بێگومان چاوی لە نازناوەکەی ئەمشەوە، راهێنەرەکەی بەگەشبینییەوە لە هەموو شت دەدوێت تەنانەت ترسی لە بەرزیی پلەی گەرمای شاری سیڤییاش نییە کە رۆژانی رابردوو بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە. ئەو گوتوویەتی هەموو شتێک لە رووی ئامادەسازییەوە ئامادەیە. تیپەکە گەشبینانە لە یارییەکە دەڕوانێت، بەتایبەت کە کیمار رۆڤی هێرشبەری یانەکەش، پاش نزیکەی مانگێک لە دابڕان بەهۆی پێکانەوە، دەستی بەمەشقکردن کردەوە و وەک ڤان برۆنکهۆستی راهێنەری گوتوویەتی، ئەو توانای بەشداریکردنی لە یارییەکەدا هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە