ماڵباتی ئێمباپێ: سەرۆکی بارسێلۆنا درۆ دەکات

18-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ خوان لاپۆرتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ماڵباتی کیلیان ئێمباپێ، قسەکانی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بە درۆ خستەوە کە لەبارەی کیلیانی کوڕەکەیانەوە گوتبووی "ئێمباپێ داوای 50 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە دەکات".
 
لاپۆرتا پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا، گوتبووی "مەرجی ئێمباپێ بۆ چوونە هەر یانەیەک زۆر قورسە، ئەو داوای مووچەیەکی گەورەی دەکات، کە 50 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە، کە  بێگومان خەزێنەی بارسێلۆنا بەرگەی ئەو مووچە گەورەیە ناگرێت".
 
ماوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ یانەی پاریسی لە هاویندا کۆتایی دێت و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە، چونکە چەندین دەستەوارەی ئەو یانەیەی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت بچێتە ریزەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە خەونی منداڵیەتییەتی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی یانەی پاریسی دەستبەرداری هیواکانیان نەبوونە و بەردەوام هەوڵیاندایە بۆ رازیکردنی کیلیان بە مانەوە لە پاریس.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی باوەڕپێکراو و پسپۆر لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا، لە فەیسبووکەکەیدا، لەسەر زمانی ماڵباتی ئێمباپێ رایگەیاند "قسەکانی لاپۆرتا سەبارەت بە داواکارییەکانی ئێمباپێ دوورن لە راستی".
 
رۆمانۆ هەروەها دووپاتیدەکاتەوە، کە ئەستێرەی فەرەنسی هێشتا هەندێک کاتی پێویستە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی داهاتووی بدات، لەوانەیە تەنیا چەند رۆژێکی پێویست بێت.
 
بەر لە چەند رۆژێک، خودی کیلیان ئێمباپێ رایگەیاند، ئەو بڕیاری کۆتایی خۆی داوە سەبارەت بە داهاتووی و گوتی "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بڕیاری خۆی دەدات، کە رۆیشتنە بۆ ریال مەدرید یان مانەوەیە لە پاریس.
 
یانەی ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانەیە و دەیەوێت دوای خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "مووچەی ئێمباپێ لە ریال مەدرید لەنێوان 25 بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، 80 بۆ 100 ملیۆن یۆرۆش وەک پاداشتی پەیوەندیکردن بە یانەکە دەدرێتە یاریزانە فەرەنسییەکە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە